کۆمەڵەی سەلامەتیی رێگەوبانی فەرەنسا بۆ پیاوان: وەک ژنان شۆفێری بکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمەڵەیەکی تایبەت بە سەلامەتیی رێگەوبان لە فەرەنسا هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە، تێیدا داوا لە شۆفێرانی پیاوی ئەو وڵاتە دەکەن "وەک ژن ئۆتۆمبێل لێبخوڕن". ئەوان دەڵێن مەبەستی هەڵمەتەکەیان بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ و گیانلەدەستدانە بەو هۆیەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 13-05-2024، کۆمەڵەی سەلامەتیی رێگەوبانی فەرەنسا دەستیان بە هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوە کردووە، لە وێستگەکانی شەمەندەفەر و شەقامەکانی ئەو وڵاتە پۆستەری گەورەیان هەڵواسیوە و تێیدا داوا لە شۆفێرانی پیاو دەکەن، وەکو ژن شۆفێری بکەن.
 
کۆمەڵەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "پیاوان شۆفێری باشتر نین لە ژنان، ئەگەر سەیری داتاکانی رووداوی هاتووچۆ بکەن، دەزانن ئەوە راست نییە."
 
کۆمەڵەکە دەڵێت، ٪84ـی رووداوە کوشندەکانی هاتووچۆی فەرەنسا لەلایەن پیاوانەوە دەکرێن. 
 
ئەو کۆمەڵەیە بەشێکن لە کۆمەڵەیەکی گەورەتر بەناوی "قوربانییان و هاونیشتمانیان"، کۆمەڵەکە یارمەتیی بریندارانی رووداوەکانی هاتووچۆ دەدات و هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە دەکات. کۆمەڵەکە دەڵێت، "هیوادارین ئەو هەڵمەتە ببێتە هۆی گۆڕانکارییەک لە هەڵسوکەوت و تێڕوانینی پیاوە شۆفێرەکان."
 
بەگوێرەی داتایەکی حکومیی فەرەنسا، ٪93ـی ئەو شۆفێرانەی لە ژێر کاریگەریی کحول تووشی رووداوی هاتووچۆ دەبن، پیاون.
 
هەڵمەتەکە لە ریکلامێک دەڵێت، "لێخوڕین وەک ژن، تەنیا یەک مانای هەیە: مانەوە لە ژیان."
 
حکومەتی فەرەنسا دەڵێت، ساڵی رابردوو لەو وڵاتە نزیکەی سێ هەزار و 200 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە و لە ساڵی 2024دا پێشبینیی زیادبوونی ئەو ژمارەیە دەکەن.