رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی پۆرتوگال بەزۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە خۆکوشتنی پەسند کرد. بەپێی یاساکە، ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی کوشندەیان هەیە دەتوانن بژاردەی کۆتاییهێنان بە ژیانی خۆیان هەڵبژێن.
رۆژی هەینی، 12ـی ئایاری 2023، پڕۆژەیاسا مشتومڕاوییەکە دوای ئەوەی کە سێ ساڵ بوو پێشکێشکرابوو، پەرلەمانی پۆرتوگال بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دا و پڕۆژەیاساکەی بە 129 دەنگی "بەڵێ" و 81 دەنگی "نەخێر" تێپەڕاند.
بەگوێرەی یاساکە، ئەو کەسانەی کە تەمەنیان سەروو 18 ساڵە و نەخۆشیی کوشندەیان هەیە، دوای ئەوەی راوێژ لە پزیشکی پسپۆڕ وەردەگرن و دەگەنە ئەو ئەنجامەی کە ئیدی هیوایەکیان بە ژیان نامێنێت، دەتوانن بە بژاردەی خۆیان کۆتایی بە ژیانی خۆیان بهێنن.
یاساکە رێگە بەو کەسانە نادات کە لە رووی دەروونییەوە کێشەیان هەیە، بەڵام ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ئازارێکی "بەردەوام" و "بەرگەنەگیراو"ی جەستەییان هەیە.
بەگوێرەی یاساکە، تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن خۆکوشتن هەڵبژێرن کە هاووڵاتیی پۆرتوگالین.
سەرەڕای ئەوەی یەکێتیی ئەوروپا دژی یاسای خۆکوشتنە، بەڵام لە چەند وڵاتێکی ئەوروپی خۆکوشتن بەپێی یاسا رێگەی پێدراوە.
لە وڵاتەکانی بەلجیکا، هۆڵەندا، لۆکسەمبۆرگ و سویسرا یاسای لەو جۆرە جێبەجێ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ