راگەیاندنی ئاگربەست و واژۆکردنی رێککەوتن نەبووەتە هۆی راگرتنی شەڕ لە سوودان


رووداو دیجیتاڵ

دوای راگەیاندنی ئاگربەست و کۆبوونەوەی لایەنە ناکۆکەکانی سوودان بە نێوبژیوانیی سعودیە لە شاری جەددە، شەڕ لە هەندێک ناوچەی سوودان هەر بەردەوامە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری دەدات. 

دوای نزیکەی مانگێک لە شەڕی نێوان دوو هێزە نەیارەکەی سوودان، رۆژی پێنجشەممە، 11ـی ئایاری 2023، سوپای سوودان بە سەرۆکایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرای سوودان بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەمدان دەگەلۆی لە شاری جەددەی سعودیە "رێککەوتننامەی پابەندبوون بە پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیلی سوودان"یان واژۆ کرد. بە گوێرەی رێککەوتننامەکە، "هەردوولا پابەند دەبن بە ئاسانکاریکردن لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییە پێویستەکان بە خەڵکی سڤیلی وڵاتەکە."
 
لە رێککەوتننامە هاوبەشەکەی نێوانیاندا ئاماژە بەوە کراوە کە "هەردوولا رێگەخۆش دەکەن تاوەکو خزمەتگوزارییەکانی وڵاتەکە، وەکو کارەبا و ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان بگەڕێندرێنەوە. هێزە چەکدارەکانی هەردوولا لە نەخۆشخانە و کلینیکەکان دەکشێنەوە و رێگە دەدەن کوژراوەکان بە رێزەوە بە خاک بسپێردرێن."
 
هەر لە رێککەوتننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەنگاوی داهاتوویان هەوڵدان دەبێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی راگەیاندنی 10 رۆژ ئاگربەست و دواتر هەوڵ بۆ چارەسەری یەکجارەیی کێشەکانی نێوانیان دەدرێت، بەڵام ئەوە نەبووەتە هۆی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە. 
 
ئەوە لە کاتێکدایە، نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت کە خەڵکی سوودان بەردەوامن لە هەڵاتن و لەماوەی مانگێکی شەڕی نێوخۆی سوودان نزیکەی 200 هەزار کەس ئەو وڵاتەیان جێهێشتووە و زیاتر لە 700 هەزار کەس ئاوارە بوون.
 
رۆژی هەینی، 12ـی ئایاری 2023، ئۆلگا سارادۆ، گوتەبێژی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "لە کاتێکدا کە تووندوتیژیەکانی سوودان پێ دەنێنە هەفتەی چوارەم، نزیکەی 200 هەزار کەس ناچاربوون وڵاتەکەیان جێبهێڵن و رۆژانە خەڵکی زیاتر سنوورەکان دەبڕن بۆ ئەوەی بگەنە شوێنێکی سەلامەت."
 
ئەوە لە کاتێکدایە، لە 15ـی نیسانەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتیی محەممەد دەگەلۆ ناسراو بە حمێدتی، بەردەوامە؛ تاوەکو ئێستا چەند جارێک ئاگربەست راگەیێندراوە، بەڵام زۆریش پێشێلکراوە. لە دەستپێکی شەڕەکەوە لانیکەم 750 کەس کوژراون و زیاتر لە 5 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
ئاژانسی پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە دۆخەکە لەم ئاستەدا نامێنێتەوە و خراپتر دەبێت. بە گوێرەی ئاژانسەکە، چاوەڕواندەکرێت سەرووی 860 هەزار کەسی دیکە لە سوودان بەرەو وڵاتانی دراوسێ هەڵبێن.