رووداو - هەولێر
سەرەڕای داوای هاووڵاتیان بۆ ئاساییکردنەوەی ژیان، بەرپرسانی لۆس ئەنجلسی ئەمریکا دەڵێن، رەنگە قەدەخەی هاتووچۆ و رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا تاوەکو مانگەکانی تەمموز و ئاب درێژبکرێتەوە.
باربارا فێرێر، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی لۆس ئەنجلس رایگەیاند، "بە دڵنیایی تەواوەوە" رێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆ تاوەکو تەمموز یان ئابی داهاتوو درێژ دەکرێنەوە.
ئەو بەڕێوەبەرە هەواڵی دڵخۆشکەری بۆ ئەو ویلایەتەی ئەمریکا پێنییە و دەڵێت، بەبێ بوونی پلانێک بۆ ئەنجامدانی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو یان ئەوەی پشکنینی خێرا هەبێت و خەڵکی لە ماڵەکانیان پشکنین بۆ خۆیان بکەن، رێکارەکانی خۆپارێزی ئاسایی ناکرێنەوە.
مانگی رابردوو قەدەخەی هاتووچۆ لە ئەو ویلایەتەی ئەمریکا تاوەکو 15ـی ئایار درێژکرایەوە.
هاوکات ئێریک گارسیتی، حاکمی ویلایەتەکە وەڵامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی داوەتەوە و دەڵێت، "هەوڵدەدەن هانی خەڵکەکەیان بدەن بۆ ئەوەی فێربن لەگەڵ کۆرۆنا بژین"، هاوکات رێگە بە چەند چالاکییە دەدەن، لەوانە کردنەوەی بەشێک لە بازرگانییەکانی و رێگەدان بە خەڵکی بۆ ئەوەی بچنەوە سەر کار.
ئەمە لەکاتێکدایە، د. ئەنتۆنی فاوچی، گەورە شارەزای پزیشکیی ئیدارەی ترەمپ و ئەندامی تیمی کۆشکی سپی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا هۆشداری دا لە هەڵگرتنی قەدەخەی هاتووچۆ و ئاسانکردنی رێکارەکان بەوەی کە ئەنجامی "مەترسیداری" دەبێت.
ئاماری جیاواز لەبارەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئەمریکا هەن، بەڵام بەپێی ئامارەکانی وۆڵد مێتەر، ملیۆنێک و 408 هەزار و 636 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 83 هەزار و 425 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
لە لۆس ئەنجلسیش 33 هەزار و 180 تووشبوو هەن و هەزار و 613 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ