شارەوانیی کۆڵن بەکارهێنانی خەڵووز لە کەبابخانەکان قەدەخە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بۆنی خەڵووزی ئەو چێشتخانانەی لە کۆڵنی ئەڵمانیا کەباب دەبرژێنن، دانیشتووانی شارەکەی هەراسان کردووە، بەو هۆیەشەوە، شارەوانی بڕیاری قەدەخەکرنی خەڵووزی داوە.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، چێشتخانەیەکی کەبابی دۆنەرە لە شاری کۆڵن، سەر بە هەرێمی نۆرس راین ڤێستیفالیای ئەڵمانیا.
دووکەڵ و بۆنی ناخۆشی دووکەڵی چێشتخانەکان، دانیشتووانی ناوچەکەی هەراسان کردووە.
میلانی بەرلینگەر، دانیشتووەکی کۆڵنە و دەڵێت، "بەردەوام قوڕگم دەخورێت و بۆنە ناخۆشەکەشی بێزارکەرە. پێشتر دۆخەکە بەو شێوەیە نەبوو و دووکەڵی ئێستا زۆر زۆرە."
ناڕەزایەتیی دانیشتووانی شارەکە، کاردانەوەی بەرپرسانی کۆڵنی بەدوادا هات.
شارەوانیی شارەکە کۆمەڵێک بڕیاری بۆ چێشتخانەکانی دۆنەری کەباب دەرکرد کە گرنگترینیان قەدەخەکردنی بەکارهێنانی خەڵووزە.
بەشێک لە سەندیکاکانی شارەکەش پاڵپشتی ناڕازییەکان دەکەن.
ئاتەکان تانەر، ئەندامی سەندیکای ئیلایشتنە و دەڵێت، "سەندیکای هاووڵاتییانی ئیلایشتن حەوت ساڵە نێوەندگیری نێوان خەڵک و خاوەن چێشتخانەکان دەکات. تاوەکو ئێستا کێشەکان چارەسەرنەکراون و ئێستا پاڵپشتی داوای هاووڵاتییان دەکەین."
چل هەزار چێشتخانەی برژاندنی کەباب لە ئەڵمانیا هەن. لەو ژمارەیەش چوار هەزاریان لە بەرلین و نزیکەی 500 یشیان لە هەرێمی نۆرس راین ڤێستیفالیان.