ناسا لە مانگێکی هەسارەی موشتەری بەدوای ئەگەری ژیاندا دەگەڕێت
رووداو دیجیتاڵ
ناسا چاوی لە لێکۆڵینەوەی مانگەکانی هەسارەی موشتەرییە. بۆ ئەمەش، لە ویلایەتی کالیفۆرنیا کەشتییەکی ئاسمانی نمایشکرد کە بڕیارە بینێرێتە خولگەی مانگی یۆرووپا.
جۆردان ئیڤانس، بەڕێوبەری پڕۆژەی یۆرووپا دەڵێت، "لێکۆڵینەوە لە یۆرووپا دەکەین کە مانگێکی بەستەڵەکی هەسارەی مووشتەرییە. قەبارەکەی بە نزیکەی هەمان قەبارەی مانگی ئێمەیە کە لەژێرییەوە باوەڕمان وایە زیاتر لە دوو ئەوەندە ئاوەی تێدایە، کە لە زەریاکاندا هەیە. لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەگەری ژیان لەسەر ئەو مانگە دەکەین."
لە ساڵی 2014ـەوە دەستکراوە بە کارکردن لەم پڕۆژەیەدا کە ناسا پێنج ملیار دۆلاری بۆ تەرخانکردووە.
ئێستا نزیکەی هەزار کەس کاری تێدا دەکەن، هەندێکجاریش ژمارەیان دەگاتە نزیکەی چوار هەزار کەس.
جۆردان ئیڤانس، بەڕێوبەری پڕۆژەی یۆرووپا دەڵێت، "10ی تشرینی یەکەم سەرەتای هەڵدانی کەشتییەکە دەبێت. پێنج ساڵی دەوێت تاوەکو لە بنکەی ئاسمانی کەنەدییەوە دەگاتە هەسارەی موشتەری. دوای گەیشتن، شەش مانگمان پێویستە بۆ ئەوەی بتوانین تەواو بیخەینە خولگەی یۆرووپاوە. دواتریش چوار ساڵ لێکۆڵینەوەی زانستی سەرەتایی دەکەین. هەموو گەشتەکە 10 ساڵی دەوێت."
مانگی یۆرووپا تیرەکەی سێ هەزار و 100 کیلۆمەترە، دووریەکەشی لە زەوییەوە 628 ملیۆن کیلۆمەترە.
ناسا دەیەوێت بەو هەوڵەی وەڵامی پرسیاری دیکەش بداتەوە؛ رۆبێرت پاپالاردۆ، بەرپرسی لێکۆڵینەوەی پڕۆژەی یۆرووپا دەڵێت، "یەکێک لەو پرسیارە سەرەکییانەی کە ناسا دەیەوێت وەڵامی بداتەوە ئەوەیە کە ئایا لەم گەردوونە بەتەنیاین؟ ئەگەر بتوانین هەلومەرجی ژیان بدۆزینەوە، ئەوا رۆژێک دەتوانین لە شوێنێکی وەکو یۆرووپا ئەگەری ژیان لە شوێنێکی دیکەی کۆمەڵەی خۆر بدۆزینەوە."
کەشتییە سێ تۆنییەکە پێویستی بە نزیکەی 600 وات وزەی کارەبا هەیە. ئەو کارەبایەش لەو پانێڵانەی وزەی خۆرەوە بەرهەمدەهێندرێت کە پێیەوە دەبەسترێن.