رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئوسترالیا دەڵێت، لە هێرشەکەی سەر مۆڵێکی شاری سیدنی وڵاتەکەیدا شەش کەس کوژران؛ ئاماژە بەوەش دەکات، رەنگە هێرشەکە تیرۆریستی بێت.
رۆژی شەممە، 13ـی نیسانی 2024، پۆلیسی شاری سیدنیی ئوسترالیا لەبارەی هێرشەکەی سەر مۆڵی وێستفیڵد بۆندی لە رۆژهەڵاتی شارەکە رایگەیاند، "کەسێک لەنێو مۆڵەکە بە چەقۆ لە چەند کەسێکی دا و بە چەکیش تەقەی کرد، لە ئەنجامدا شەش کەس کوژران".
پۆلیس لەبارەی هێرشکارەکە دەڵێت، "دوای رووبەڕوونەوە لەگەڵ پۆلیس، کوژراوە".
ئەنتۆنی کوک، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی هەرێمی نیو ساوز وێلز کە سیدنی لەو هەرێمەیە، گوتی، "هێرشکارەکە چەقۆی لە پۆلیسێک بەرزکردووەتەوە و پۆلیسەکەش بۆ پاراستنی خەڵک تەقەی لێکردووە".
تاوەکو ئێستا پۆلیس ناو و وڵاتینامەی ئەو کەسەی ئاشکرا نەکردووە و دەڵێت، "دەکرێت هێرشەکە تیرۆریستی بێت، بەڵام هێشتا هیچ شتێک روون نییە".
ئەنتۆنی ئالبێنیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا دەڵێت، "هەواڵم لەبارەی ئەو هێرشە تۆقێنەرە پێدرا. بەداخەوە، چەند قوربانییەک هەن؛ هەموو ئوسترالییەکان هاوخەمی کەسوکاری قوربانییەکانن".
چەند ڤیدیۆیەک بە خێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەوە و دەردەکەوێت، پیاوێک شۆرتێک و تیشێرتێکی لەبەردایە و چەقۆیەکی بەدەستەوەیە.
هێزە ئەمنییەکان و تیمە فریاگوزارییەکان زوو گەیشتنە شوێنەکە و خەڵکیان ئاگادار کردەوە کە لە ناوچەکە دوور بکەونەوە، ئەوە جگە لە چۆڵکردنی مۆڵەکە لە سەتان کەس.
هەرچی لەبارەی بریندارەکانی رووداوەکەیە، ئەمبووڵانسەکان هەشت کەسیان گواستەوە نەخۆشخانە.
چەند شایەتحاڵێک بە میدیای ئوسترالیایان گوت، "خەڵک رایان دەکرد، دەیانقیژاند و بەسەریەکدا دەکەوتن؛ گوێمان لە دەنگی هاوار و تەقەی زۆر بوو. کەسانێک هاواریان دەکرد، مەڕۆنە خوارەوە، کەسێک چەقۆی هەڵگرتووە".
دوو شایەتحاڵی دیکە گوتیان، "بینیمان دایکێک و منداڵە بچووکەکەی چەقۆیان لێدرا".
رووداوی لەمشێوەیە لە ئوسترالیا کەم روودەدات. لە ساڵی 2019دا لە رووداوێکی تەقەکردن لە شاری داروینی باکووری ئەو وڵاتە چوار کەس کوژران.
لە نیسانی 1996 لە خوێناویترین هێرشی مێژووی ئەو وڵاتەدا کە بە کۆمەڵکوژی پۆرت ئارسەر ناسراوە، 35 کەس کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ