رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای کانتاسی ئوسترالیا بڕیاریدا لە گەشتی نێوان شارەکانی پێرس - لەندەن ئاسمانی ئێران بەکارنەهێنێت، ئەمەش دوای هەڕەشەکانی ئێران لە ئیسرائیل. دوو کۆمپانیای ئەڵمانی و نەمساییش هەمان بڕیاریانداوە.
کۆمپانیاکە رۆژی شەممە، 13-4-2024 بڕیارەکەی راگەیاند.
بڕیاری کۆمپانیاکە دوای ئەوە دێت کە چەند رۆژێکە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکەن بەوەی هێرشی دەکەنە سەر، ئەمەش لە تۆڵەی کوژرانی 7 ئەندامی پاسداران کە دووانیان فەرماندە بوون لە هێرشێکی سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق.
ئێران تۆمەتەکەی خستووەتە سەر ئیسرائیل، بەڵام ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو هێرشە نەبووە.
گەشتی نێوان شاری پێرس لە ئوسترالیا و لەندەنی پایتەختی بەریتانیا پێشتر گەشتێکی 17 کاژێر و نیو بوو بەبێ هیچ وەستانێک و فڕۆکەکان بە ئاسمانی ئێراندا دەفڕین، بەڵام دوای ئەو بڕیارە کۆمپانیاکە دەڵێت بۆ دووربوون لە ئاسمانی ئێران، فڕۆکەکە لە سەنگاپوور دەوەستێت بۆ پڕکردنی سووتەمەنی دواتر بەردەوامیی بە گەشتەکەی دەدات.
گوتەبێژێکی کۆمپانیای کانتاس رایگەیاند، "کۆمپانیاکەمان بە شێوەیەکی کاتی رێگەی گەشتەکانی دەگۆڕێت بەهۆی ئەو دۆخەی لە بەشێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە. لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەک، کڕیارەکانمان ئاگادار دەکەینەوە."
بەگوێرەی ئەو گوتەبێژە، هەموو گەشتەکانی دیکە ئاسایی دەبن و هیچ گۆڕانکارییەکیان نابێت.
هاوشێوەی ئەو کۆمپانیا ئوسترالییە، لە چەند رۆژی رابردوو هەریەک لە کۆمپانیا لوتفهانزای ئەڵمانی و AUAـی نەمسایی هەمان بڕیاریان دا.
رۆژی هەینی، 12ـی نیسانی 2024، گوتەبێژێک بەناوی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی لوفتهانزا گوتی، "بەهۆی ئەو دۆخەی ئێستا هەیە، لوفتهانزا گەشتەکانی بۆ دەرەوە و ناوەوەی ئێران تاوەکو 18ـی ئەم مانگە رادەگرێت."
لەبارەی بەکارهێنانی ئاسمانی ئێرانیش، گوتەبێژی کۆمپانیاکە گوتی، "ئەو هێڵە ئاسمانییە [لوفتهانزا] چیدیکە ئاسمانی ئێران بەکارناهێنێت."
کۆمپانیای فڕۆکەوانیی AUAـی نەمسا لەلایەکی دیکەوە بڕیاریداوە هەموو گەشتە فڕۆکەوانییەکانی بۆ ئێران تاوەکو 18ـی نیسان رابگرێت.
کۆمپانیاکە ئەوەشی راگەیاندووە، "ئەو گەشتانەی کە بۆ وڵاتانی دیکەیە و بە ئاسمانی ئێراندا تێدەپەڕن، رێکدەخرێنەوە."
ئیسرائیل ئاستی ئامادەیی خۆی لە ئەگەری هەر هێرشێک بەرزکردووەتەوە. ئەمریکای هاوپەیمانی ئیسرائیلیش هۆشداریی بە ئێران داوە کە هێرش نەکات.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی ئاماژەی بەوە کرد کە پێشبینیی دەکەن، ئێران "زوو" هێرش بکات، بەڵام هۆشداریی بە تاران دا کە هەنگاوێکی لەو جۆرە نەنێت و باسی لەوە کرد کە ئەمریکا پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات و "ئێران سەرکەوتوو نابێت."
بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی رۆژی هەینی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندبوو کە چاوەڕوان دەکرێت لە 24 تا 48 کاژێردا ئێران هێرشەکەی بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ