بێکاری مژارێکی سەرەکیی بانگەشەی هەڵبژاردنی هیندستانە؛ %29 بێکارەکان دەرچووانی زانکۆن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەشی زۆری ئەو کرێکارانەی لە بەشێک لە پڕۆژەکانی مومبای لە هیندستان کار دەکەن، دەرچووی زانکۆن؛ ئەوەش وای کردووە کە پرسی بێکاری ببێتە مژارێکی سەرەکیی بانگەشەی هەڵبژاردن لەو وڵاتە.
 
راماکومار، ئابووریناس دەڵێت، "زیادبوونی هەلی کار لەئاست زیادبوونی هێزی کاردا نییە؛ ئەوەش وایکردووە ملیۆنان پێشکێشکار بۆ چەند کارێکی کەمی حکومی هەبن. ئەو بێکارییە حەزی خەڵکی زیاتر کردووە بۆئەوەی تەنانەت بە رێگەی نایاسایی بچنە دەرەوە بۆ دەستکەوتنی کار لە ئەمریکا و کەنەدا و وڵاتانی دیکە."
 
بەگوێرەی نووسینگەی کۆچی هیندستان، لە ساڵی 2017 بۆ 2022 لانیکەم 12 ملیۆن هیندستانی بە مەبەستی دۆزینەوەی کار وڵاتیان جێهێشتووە. زۆرترین کۆچ بۆ ئوسترالیا، سەنگاپوور، ئیمارات، ئەمریکا، کەنەدا و سعودیە بووە.
 
کێشاڤ داس، هاووڵاتی ئاماژە بەوە دەکات، "لێرە هیچ شتێک نییە؛ هیچ کارێک نییە، بۆیە دەبێت بچمە شوێنێکی دیکە بۆ دۆزینەوەی کار. دەبێت بچمە دەرەوەی هیندستان، ئەگەرنا منداڵەکانم لەبرسا دەمرن."
 
بەگوێرەی ناوەندی چاودێریکردنی ئابووریی هیندستان، بێکاری لە وڵاتەکە 6.8%ـە، واتە 95 ملیۆن کەس لە یەک ملیار و 400 ملیۆنەکەی دانیشتووانی بێکارن.
 
%29ی ئەوانەی لە هیندستان کاریان نییە، دەرچووانی زانکۆن؛ ئەوەش وایکردووە، بێکاری ببێتە مژارێکی سەرەکیی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئەو وڵاتە.