سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانی ئیتاڵیا بۆ نێچیرڤان بارزانی: سوپاس کە لەجیاتی جیهان لە ریزی پێشەوەی شەڕی دژی تیرۆر بوون

 
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆما لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانی ئیتاڵیا کۆبووەوە. ئینیازیۆ لاڕووسا سوپاسی نێچیرڤان بارزانیی کردووە و گوتوویەتی، "سوپاس کە لەجیاتی جیهان لە ریزی پێشەوەی شەڕی دژی تیرۆر بوون."
 
نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 13-04-2023 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ ئينيازيۆ لاڕووسا، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پيرانى ئيتاڵيا، سوپاسى ئەو وڵاتەی كرد بۆ هاوكاري و پشتگيریى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌ى تيرۆردا.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پيرانى ئيتاڵيا سوپاس و پێزانينى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان و رۆڵى پێشمه‌رگه‌ له‌ تێكشكاندنى داعشدا ده‌ربڕیوە و گوتوویەتی، "ئێمه‌ سوپاستان ده‌كه‌ين كه‌ له‌جياتى جيهان له‌ ريزى پێشه‌وه‌ى شه‌ڕى دژى تيرۆردا بوون."
 
هه‌روه‌ها ئینیازیۆ لاڕووسا په‌يوه‌ندييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ "گرنگ و جێى بايه‌خ له‌ قه‌ڵه‌م دا."
 
جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌رده‌واميى بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌ش و دۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.
 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13-4-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیایە و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان، وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی دیکە دەبێت. پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە، لەگەڵ پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان کۆبووەوە. 
 
 
لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا دەڵێت، "پاپا فرانسیس جەختی لە گرنگیی پاراستنی ئاشتی و برایەتیی لە نێوان کۆمەڵانی خەڵکی عێراقدا کردەوە. من جەختم لە پابەندبوونم بە بەردەوامیدان بە پەرەپێدانی ئاشتی و پێکەوەژیان لە کوردستان، عێراق و دەرەوەش کردەوە."
 
هەروەها نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەش کردووە کە "شەرەفمەند" بووە بەوەی پاپای ڤاتیکانی بە "تەندروستیی باشەوە" بینیوە، ئەوە لە کاتێکدایە، کۆتایی مانگی رابردوو، بۆ ماوەی چەند رۆژێک، پاپا فرانسیسی تەمەن 86 ساڵ، بەهۆی هەوکردنی سییەکانییەوە گوێزرابووەوە بۆ نەخۆشخانە. 
 
 
فرانسیس یەکەمین پاپایە لە مێژوودا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردبێت. ئامانج لە سەردانە مێژووییەکەی پاپا لە 5 تا 8ی ئاداری 2021 بۆ بەغدا، موسڵ و هەولێر برەودان بە "گفتوگۆی نێوان ئایینەکان" و پێشاندانی هاوسۆزی بوو بۆ کرستیانەکانی ناوچەکە، ئەمە وەک ڤاتیکان باسی کردبوو. 
 
"کوردستان شوێنێکی بەرچاوی پێکەوەژیانە بۆ ڤاتیکان"
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڤاتیکان بە زنار شینۆ، نێردراوی رووداوی گوت: "پێگەی هەرێـمی کوردستان بۆ ڤاتیکان گرنگە، چونکە شوێنێکی بەرچاوی پێکەوەژیانە بۆ ڤاتیکان."
 
دوای ئەم دیدارەی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەچێتە رۆما و لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان، وەزیری دەرەوە و سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا کۆدەبێتەوە، ئەمە وەک دڵشاد شەهاب باسی کرد. 
 
ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵییە کە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد. لە پاڵ بەسەرکردنەوەی 900 سەربازەکەی وڵاتەکەی، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەغدا و هەولێریش پەیوەندییەکانیان تاوتوێکردن و لایەنەکانی بەرەو چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانیان هاندان. 
 
دڵشاد شەهاب گوتی، "دۆستە بیانییەکانمان هانمان دەدەن تەبایی و یەکڕیزیمان بپارێزین،" ئاماژەی بەوەشکرد،  "ئیتاڵیا دەیەوێت سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرقەراربێت."
 
پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان
 
پەیوەندیی سەربازی و بازرگانی ئیتاڵیا بە هەرێمی کوردستان و عێراق دەبەستنەوە.
 
ئیتاڵیا لە ساڵی 2015ـەوە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە 900 سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراق جێگیرکردووە. هاوکات مەشق و راهێنانی بە 58 هەزار پێشمەرگە و ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووە.
 
جگە لەوە، ئیتاڵیا تاوەکو ئێستا 430 ملیۆن دۆلاری وەکو یارمەتیی دارایی و قەرز داوەتە عێراق.
 
لە رووی بازرگانیشەوە، بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئیتاڵیا، ساڵی رابردوو هەناردەی ئیتاڵیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان سەرووی 765 ملیۆن یۆرۆ بووە کە بەشی هەرە زۆری ئامێر و تەکنەلۆجی جیاجیا بووە. 
 
هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بۆ ئیتاڵیا سەرووی 5 ملیار و 71 ملیۆن یۆرۆ بووە، کە 99٪ی نەوت بووە کە بە گوێرەی میدیای ئیتاڵیا، 16 کۆمپانیای ئەو وڵاتە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کاردەکەن.
 
جگە لە پاپای ڤاتیکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ كاريناڵ پيترۆ پارۆلين، سەرۆکوەزیرانی ڤاتیکان کۆبووەوە. سەرۆکوەزیرانی ڤاتیکان پێکەوەژیانی لە هەرێمی کوردستان بە "دڵخۆشکەر" لە قەڵەم داوە.