رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی 100 مەتر لە هێزەکانی ئەمریکا و فەرماندەی گشتیی هەسەدە دووربووە. دەشڵێت "ئێستا سێنتکۆم لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات".
رۆژی پێنجشەممە، 13ـی نیسانی 2023، پاتریک رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا -پێنتاگۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ئەوەی کە ئەرکی هێزەکانیان چی بووە لە گەشتەکەیاندا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە، گوتی: "ئەو گەشتەشیان لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعشدا بووە و هێزەکانی ئەمریکا و هێزە نێوخۆییە هاوبەشەکانمان لە عێراق و سووریان لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعش شەڕدەکەن".
پاتریک گوتیشی کە "دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و زیاتر لە 100 مەتر لە کاروانەکە دوور بووە." لەبارەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەش، گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی: ئێستا فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم لێلکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات.
ئێوارەی رۆژی هەینی، 7ـی نیسانی 2023، دووکەڵێک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەرزبووەوە، سەرەتا بەرپرسانی فڕۆکەخانە و ئاسایش رایانگەیاند، "هیچ رووینەداوە و ئاگرێکی ئاسایی بووە"، بەڵام دواتر بڵاوکرایەوە کە هێرشی درۆنی بووە.
دوای ئەوە، فلیپ ڤێنتورا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا -پێنتاگۆن لە وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بە هێرشەکە گوتی ''پشتڕاستی دەکەینەوە رۆژی هەینی هێرشێکی ئاسمانی کراوەتە سەر کاروانێکی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی و لەنێو کاروانەکەدا سەربازی ئەمریکی هەبوون".
لای خۆیەوە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکاش لەبارەی هێرشەکە رایگەیاندبوو کە سێ هاووڵاتیی ئەمریکی لەگەڵ ئەو کاروانەدا بوون کە کراوەتە ئامانج و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. دوای ئەوەش، مەزڵووم عەبدی لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا پشتڕاستیکردەوە کە لە سلێمانی بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ