رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی سوێد، رایگەیاند وڵاتەکەیان هاوکاری ئەو هاووڵاتییە سوێدیانە ناکات، کە چووبوونە ریزەکانی داعشەوە و ئێستا لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەستبەسەرن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە سوێد.
تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوێد، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەو لێدوانەی دا.
ئەو گوتی، "حکومەت هیچ کارێک ناکات بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتییە سوێدیانە یان ئەو کەسانەی پەیوەندیان بە سوێدەوە هەیە و لەو کامپانەن لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، بگەڕێندرێنەوە بۆ سوێد".
وەزیری دەرەوەی سوێد هەروەها گوتی، "سوێد هیچ بەرپرسیارێتییەکی یاسایی نییە بەرامبەر بەو کەسانە تاوەکو بیانگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکە، ئەم بڕیارەش سەرجەم پیاو و ئافرەت و منداڵەکانیش دەگرێتەوە".
لە ساڵی 2019وە و لەگەڵ رووخانی خەلافەتەکەی داعش، زۆربەی کەسوکار و منداڵانی چەکدارانی داعش لە کامپەکان دەستبەسەر کران.
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، 43 هەزار کەس لە کامپی هۆلن، کە هاووڵاتی 45 وڵاتن و زۆربەشیان خەڵکی سووریا و عێراقن.
وەزیری دەرەوەی سوێد رایگەیاند، لە چەند ساڵی رابردوودا، هاووڵاتییە سوێدییەکانی نێو ئەو کامپانە، دەرفەتیان بۆ رەخسێندراوە بگەڕێنەوە بۆ سوێد، بەڵام "هەمووجار رەتیانکردووەتەوە بگەڕێنەوە".
بەگوێرەی ئامارێکی میدیای سوێد، سێ ئافرەت و پێنج منداڵی سوێدی ئێستا لەو کامپانەن، بەڵام وەزیری دەرەوە رایگەیاند، "بەرپرسیارێتی ئەو منداڵانە لای باوانیانە نەک سوێد، چونکە ئەوان بڕیاریانداوە بچنە سووریا و پەیوەندی بە داعشەوە بکەن، کە یەکێکە لە دڕەندەترین رێکخراوە تیرۆرستییەکانی جیهان".
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی سوێد پێش تشرینی یەکەمی 2021، 30 هاووڵاتی سوێدی، کە 10 ئافرەت بوون و 20یان منداڵ لەو کامپانە دەستبەسەر بوون، بەڵام لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، 22یان رەوانە کراونەتەوە، پێش ئەوەی حکومەتی سوێد هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ