رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە 352 دەنگ پڕۆژەیاسای قەدەخەکردنی تیکتۆکی تێپەڕاند و بۆ ئەنجوومەنی پیرانی نارد.
رۆژی چوارشەممە، 13-03-2024، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە 352 دەنگی 'بەڵێ' بەرامبەر بە 65 دەنگی 'نەخێر'، پڕۆژەیاسای قەدەخەکردنی تیکتۆکی پەسندکرد.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، پڕۆژەیاساکەیان بۆ سێناتی ئەمریکا (ئەنجوومەنی پیران) نارد کە زۆرینە دیموکراتن. لە دەنگدانەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دا 15 دەنگی 'نەخێر' لەلایەن کۆمارییەکان و 50 دەنگی 'نەخێر'ـیش لەلایەن دیموکراتەکانەوە درابوون.
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، "دەبێت تیکتۆک لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکییەوە بەڕێوەببرێت نەوەک چینی، ئەگەرنا بەکارهێنانی ئەو ئەپە لە ئەمریکا قەدەخە دەکرێت."
ئەو پڕۆژەیاسایە لەلایەن مایک گالاگێر و راجا کریشنامۆرتی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاوە ئامادەکراوە، کە تێیدا هاتووە "تیکتۆک، ئەپێکی چینییە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا، دەکرێت تیکتۆک کاریگەریی لەسەر رای گشتی ئەمریکا هەبێت و بۆ سیخوڕیکردن بەسەر خەڵکەوە بەکاربهێنرێت."
تیکتۆک لەلایەن کۆمپانیای چینیی بایت دانسەوە خاوەنداریێتیی دەکرێت.
وانگ وێنگبین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین سەرکۆنەی ئەو هەوڵەی ئەمریکای کرد و گوتی، "ئەگەر پڕۆژەیاساکە تێپەڕێت و جێبەجێ بکرێت، زیان بە ئەمریکا دەگەیێنێت."
ئەو گوتەبێژە هەروەها گوتی، "ئەمریکا هیچ بەڵگەیەکی نییە کە تیکتۆک بووبێتە هەڕەشەی ئاسایش."
سەرەتا لە 07-03-2024 پڕۆژەیاساکە لەژێر ناونیشانی "پاراستنی ئەمریکییەکان لەو ئەپڵیکەیشنانەی لەلایەن نەیارە بیانییەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن" بە کۆی دەنگ لە لایەن لیژنەی وزە و بازرگانیی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسند کرا.
رۆژێک دواتر، لەبارەی پڕۆژەیاساکەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئەگەر ئەوان تێیپەڕێنن، واژۆی دەکەم."
ئەوکات، پڕۆژەیاساکە 165 رۆژی بە کۆمپانیای بایت دانس دا بۆ ئەوەی تیکتۆک رادەستی دامەزراوەیەکی ئەمریکی بکات.
ئەگەر وا نەکات، تیکتۆک لە هەموو ئەپفرۆشەکان و سەکۆکانی ئینتەرنێتی ئەمریکا قەدەخە دەکرێت، بەو جۆرەش 170 ملیۆن بەکارهێنەری ئەمریکی لە ئەپەکە دادەبڕێن.
پڕۆژەیاساکە هەروەها ئەپەکانی دیکەش دەگرێتەوە، کە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن کە ئەمریکا بە "نەیاری بیانی" پۆڵێنیان دەکات، لەوانەش ویچات، کە کۆمپانیای تێنسێنتی چینی خاوەنداریێتیی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ