کۆریای باکوور دوو مووشەک تاقیدەکاتەوە

13-03-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆریای باشوور و ئەمریکا دەستیان بە مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەش کردووە کە گەورەترینی چەند ساڵی رابردووە. کۆریای باکووری نەیاریشیان، وەکو وەڵامێک بۆ راهێنانە سەربازییەکانیان، دەڵێت مووشەکی کرووزی لە ژێردەریایەکەوە تاقیکردووەتەوە.
 
تاقیکردنەوەی دوو مووشەکەکەی رۆژی یەکشەممە لە لایەن کۆریای باکوورەوە وەک ئاماژەیەک لێکدەدرێتەوە بەوەی کە لە ماوەی بەڕێوەچوونی مانۆڕی سەربازیی کۆریای باشوور و ئەمریکادا کە 11 رۆژ دەخایێنێت، پیۆنگیانگ وەک ناڕەزاییەک، چەکە دوور مەوداکانی تاقیدەکاتەوە. 
 
هەفتەی رابردوو، کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی کۆریای باکوور گوتی، نەیارەکانی وڵاتەکەی جمووجوڵی سەربازی دەکەن بۆ ئەوەی "خۆیان بۆ جەنگێکی گەرم ئامادەبکەن،" و داوای لە سوپای وڵاتەکەی کرد، بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو جموجووڵانە ئامادە بن. 
 
بەشێک لە مانۆڕەکە بەشێوازی گریمانەیی بەڕێوەدەچێت، بەو واتایەی کە سوپاکانی هەردوولا لە ژینگەیەکی گریمانەیی جەنگدا لەسەر کۆمپیوتەر راهێنان دەکەن بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریکردن و بەرپەرچدانەوە دژی هەڕەشە ئەتۆمییەکان. 
 
کۆریای باشوور و ئەمریکا پێشتر رایانگەیاندووە، ئامانج لە مانۆڕەکەیان بریتییە لە بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریکردن و بەرپەرچدانەوەی سوپاکانیان، لە کاتێکدا تاوەکو دێت، کۆریای باکوور زیاتر هەڕەشەی ئەتۆمی دەکات؛ هەروەها لە پاڵ ئەوە، لەبەر چەند هۆکارێکی دیکە، لەوانەش ناکۆکییەکانی دەریای باشووری چین، ژینگەی ئەمنیی ناوچەکە رووبەڕووی گۆڕانکاری دەبێتەوە. 
 
بەشێکی دیکەی مانۆڕە هاوبەشەکەی کۆریای باشوور و ئەمریکا بە شێوەی راستەقینە و لە گۆڕەپانی راهێناندا دەبێت، کە بڕیارە لە رووی قەبارەوە هاوشێوەی مانۆڕی سەربازیی "بێچووە هەڵۆ" بێت، کە دوایین جار ساڵی 2018 کرا. 
 
راگەیێندراوێکی ئەم دواییەی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانج لە مانۆڕەکانی گۆڕەپانی راهێنان، بەهێزکردن "هاوئاهەنگیی ئاسمانی، وشکانی، دەریایی، بۆشایی، سایبەری و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و بەرەوپێشبردنی تەکتیک و رێوشوێنەکان"ـی هەردوو سوپایە. 
 
کۆریای باکوور لە رێگەی میدیا فەرمییەکەیەوە گوتی، تاقیکردنەوەی دوو مووشەکی کرووز لە ژێر دەریاییەکەوە لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی، سووربوونی پیۆنگیانگ پیشاندەدات کە بە هێزێکی "لەڕادەبەر گەورەوە" وەڵامی مانۆڕە سەربازییەکانی "ئەمریکای ئیمپریالی و کۆریای باشووری دەسکەلای" دەدەنەوە. 
 
میدیای فەرمیی کۆریای باکوور مووشەکە کرووزەکانی بە "چەکێکی ستراتیجی" ناوبردن و گوتی، تاقیکردنەوەیان سەلماندی کە وڵاتەکەی "توانای بەرپەرچدانەوەی لە جەنگی ئەتۆمیدا" هەیە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە کۆریای باکوور بەنیازە کڵاوەی ئەتۆمی بە مووشەکە کرووزەکانییەوە بکات. 
 
بە گوێرەی میدیاکە، مووشەکەکان بۆ ماوەی دوو کاژێر لە شێوەی ژمارە هەشتی ئینگلیزیدا رێگەیان بڕیوە، پیشانیانداوە کە دەتوانن لە دووریی هەزار و 500 کیلۆمەتر ئامانجەکەیان بپێکن. تەلەڤیزیۆنی نیشتمانیی کۆریای باکوور گوتیشی، مووشەکەکان لە ژێردەریایی 8.24 یۆنگەنگەوە هاوێژراون، کە هەمان ژێردەریاییە ساڵی 2016 بووە یەکەمین لە جۆری خۆی مووشەکی بالیستیی پێ تاقیبکرێتەوە. 
 
ئەو وردەکارییانەی کە کۆریای باکوور باسیان دەکات، پیشانیدەدەن مووشەکە کرووزەکان دەتوانن بگەنە ژاپۆن، لە نێویدا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئۆکیناوا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە