رێژەی بەشداریی ژنان لە ئۆسکاری 2023 زیادیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پشت هەر زەردەخەنەیەکی ژنان لە سەر فەرشی سووری ئۆسکار، چیرۆکێکی خەمناکی هەستکردن بە نایەکسانی و نادادپەروەری بەراورد بە پیاوان هەیە.
 
ژنان تاوەکو ئەم دواییانە هەستیان دەکرد بە چاوی دووەم و سێیەم لە کەرتی پیشەسازیی سینەمایی سەیر دەکرێن، بەڵام پێداگرییان لە کارەکانیان و ناڕەزایی چالاکڤانان، گۆڕانی بەسەر پیشەسازییەکەدا هێنا. ئێستا ژمارەی ژنان لە کەرتی سینەمادا تاڕادەیەک جێگەی رەزامەندیی ژنە سینەماکارەکانە.
 
ماندی واکەر، سەرپەرشتیاری کامێرامانەکان دەڵێت، "کە تەمەنم 15 ساڵان بوو دەمزانی حەز دەکەم لە بواری کامێرای سینەمایی کار بکەم. کاتێک چوومە پیشەسازیی فیلم، بینیم کە هیچ ئافرەتێک نییە کارەکەی من بکات. بەدوای خەونی خۆمدا رامکرد و بەرەو باشی دەچێت؛ بەڵام هەر خۆم تەنیا بووم. ئێستا پێموایە 7%ی فیلمەکان لەلایەن ژنانەوە تۆمار دەکرێن. باشتر بووە، بەڵام هێشتا وەکو ژمارەیان زۆر نین."
 
تاوەکو ساڵی 2017 ژنان لە کەرتی سینەمادا کەمینە بوون. ناڕەزایی و نیگەرانییەکان گەیشتنە ئاستێک، ئەو میدیایانەی رووماڵی بۆنە سینەماییەکانیان دەکرد، بایکۆتیان کرد.
 
ئێستا ژنان 47.2%ی رۆڵە سەرەکییەکان لە فیلمەکاندا پێکدەهێنن، ئەمەش 32.9% زیاترە لە ساڵی 2017دا.
 
کاتی شولمان، پرۆدیوسەر دەڵێت، "وەکو ئافرەت لە دەستپێکی سینەماوە داوامان لێکراوە هاوسۆزی کاراکتەرەکان بین، ئینجا ئافرەت بن یاخود پیاو. 99%یان پیاو بوون. کێشەمان لەگەڵ ئەوەدا نەبووە، دەتوانین هاوسۆزی پیاوان بین کاتێک دڵتەنگن یاخود دڵخۆشن یان پاڵەوانن یاخود هاوسۆزی تواناکانیان بین، بەڵام کێشەی گەورەی ئێمە ئەوەیە وا لە پیاوان بکەین چاو بدەنە چیرۆکەکانمان بە هەمان هەست و سۆز و بەبێ ئەوەی خۆیان لە ئەزموونی ئێمە جیابکەنەوە."
 
ئامانج و هیوای ژنان لە کەرتی سینەمادا گەورەترە، ئەوان دەیانەوێت رۆڵی زیاتریان پێبدرێت. لە ماوەی 95 ساڵەی تەمەنی ئۆسکاردا تەنیا سێ ژن خەڵاتەکەیان وەکو دەرهێنەر بردووەتەوە، لە رێوڕەسمی ئەمساڵیشدا هیچ ژنە دەرهێنەرێک بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە بەربژێر نەکرا.