سێناتۆرێکی کۆمارییەکان: دەکرێت جۆرێک لێخۆشبوون بۆ عێراق لە سزاکانی سەر ئێران هەبێت

13-02-2025
دیار کوردە @diyarkurda
سەرۆکی ئەمریکا بە ئیدارەکەی گوتوە بڕیاری لێخۆشبوونی سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرن.
سەرۆکی ئەمریکا بە ئیدارەکەی گوتوە بڕیاری لێخۆشبوونی سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرن.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا داوای لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کردووە، دەستکاری ئەو بڕیارانە بکەن کە تایبەتن بە لێخۆشبوون لە سزاکانی سەر ئێران و نەیانهێڵن. یەکێک لەو بڕیارانەش لێخۆشبوونە لە عێراق تاوەکو کارەبا لە ئێران بکڕێت. 
 
دیپلۆماتکارێکی عێراق لە واشنتن بە رووداوی گوت، ئیدارەی ترەمپ بەنیاز نییە ئەو لێخۆشبوونە بۆ عێراق نوێبکاتەوە، ئەمەش عێراق دەخاتە بەردەم قۆناخێکی سەختی دابینکردنی وزەی پێویست.
 
سێناتۆر کەڤن کرەیمەر، سێناتۆری کۆمارییەکان لەبارەی سزادانی ئێرانەوە باس لەوە دەکات، "'کاتێک دێتە سەر ئەم سزا لاوەکییانە، رەنگە بەبێ ئاگاداریی خۆت ئازاری لایەنێک بدەی کە ناتەوێت ئازاریان بدەی، بەڵکو مەبەستت سزادانی لایەنێکی دیکەیە. لێرەدا وەک نموونە ئێران، پێموایە ئەگەر (دۆناڵد ترەمپ) کامپەینی ئەوپەڕی گوشار بۆسەر ئێران دەسپێبکاتەوە، رەنگە دەرفەتی هەندێک لێخۆشبوونیش هەبن لە هەندێک بواردا. کەرتی نەوت، وەک ئێوەش ئاگادارن، ترەمپ قسەی لەبارەوە کردووە و سەرچاوەیەکی داهاتی گەورەیە بۆ ئێران و داهاتەکەی زۆر زیاترە لە فرۆشتنی هەندێک کارەبا بە عێراق، بۆیە من وردەکاری تەواوی پلانەکەی ترەمپ نازانم، بەڵام پێموایە پێویستە و رەنگە بەشێوەیەکی وردتر کار لەسەر ئەو پرسە بکرێت. خۆی پرسی دانانی ئەوپەڕی گوشار بۆ سەر ئێران، بەدڵنیاییەوە کەمترین شتە کە پێویستە ئێمە بیکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت هەوڵی ئەوە بدەین ئەمە نەبێتە هۆکاری زیانگەیاندن بە زۆرێک لە هاوپەیمانەکانمان.''
 
حکومەتی عێراق دەڵێت، تاوەکو ساڵی 2030 ناتوانێت سەربەخۆیی وزە بەدەستبهێنێت و بەلایەنی کەمەوە پێویستی بەوەیە بۆ چەند ساڵی ئایندەش وزە لە ئێران بکڕێت، بۆیە داوا لە واشنتن دەکات، هاوشێوەی ئیدارەی پێشوو، لێخۆشبوونەکان بۆ عێراق نوێبکاتەوە.
 
مامۆستایەکی زانکۆی ئەمریکیش لە واشنتن دەڵێت، ئیدارەی ترەمپ لێخۆشبوونەکەش نوێبکاتەوە، هاوشێوەی ئەو لێخۆشبوونەی ئیدارەی بایدن نابێت، بەڵام عێراق دەتوانێت وەک جێگرەوەی ئێران، کار لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات بۆ دابینکردنی گازی پێویست بۆ وێستگەکانی کارەبا، ئەمە شتێکە بە دڵی ئەمریکاش دەبێت.
 
د. یەریڤان سەعید، مامۆستایە لە زانکۆی ئەمریکی لە واشنتن و ئاماژە بەوە دەدات، ''پێموایە گۆڕانکاری بەسەر جۆری لێخۆشبوونەکەدا بێت، لەوانەیە ترەمپ یان ئیدارەی ترەمپ گوشار بخاتە سەر عێراق کە گازی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنێت، چونکە لە کۆرمۆر گازێکی زۆر هەیە، دەتوانن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بگەنە رێککەوتنێکی هاوبەش چونکە ئیدارەی بایدن هەوڵی زۆریدا کە عێراق گاز لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکڕێت و بۆ وەبەرهێنانی کارەبا بەکاریبهێنێت، ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 1.5 گێگاوات کارەبا بۆ شارەکانی خوارووی عێراق دابین دەکات، دەتوانن رێککەوتنێکی هاوشێوە بکەن و ئەو پشتپێبەستنەی عێراق (بە ئێران) کەمببێتەوە.''
 
لە ساڵی 2018ـەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 23 جار ئەو لێخۆشبوونە لەلایەن ئیدارەی یەکەمی ترەمپ و ئیدارەی بایدن بۆ عێراق نوێکراوەتەوە، بەڵام لەم دواییەدا بڕیاری نوێکردنەوەی لێخۆشبوونەکە لەلایەن ئیدارەی بایدن، نیگەرانی و کاردانەوەی زۆری کۆمارییەکانی بەدوایخۆیدا دەهێنا و داوای وەستاندنی ئەو بڕیارەیان دەکرد.
 
دواینجار ئیدارەی بایدن لە مانگی نۆڤێمبەری ساڵی 2024 لێخۆشبوونی کڕینی کارەبای لە ئێران بۆ ماوەی 120 رۆژ بۆ عێراق نوێکردەوە، بەڵام ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ نوێکردنەوەی ئەو لێخۆشبوونە نییە، ئەمەش عێراق لە رووی وزەوە رووبەرووی ئاستەنگی گەورە دەکاتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە