وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: دەبێت ئیسرائیل رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، دەبێت ئیسرائیل رێز لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بگرێت و ئاماژە بەوەش دەکات، ئیسرائیل پێش ئەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە رەفەح دەستپێبکات، پێویستە رێرەوێکی مرۆیی بۆ هاووڵاتییانی سڤیل بکاتەوە.
رۆژی سێشەممە، 13ـی شوباتی 2024، ئەنالینا بایربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەرلینی پایتەختی وڵاتەکەی لەگەڵ ریاز مەلەکی، وەزیری دەرەوەی فەلەستین رایگەیاند، "ئیسرائیل مافی خۆیەتی وەکو هەر وڵاتێکی دیکە لەبەرامبەر دڕندەییەکانی حەماس بەرگری لە خۆی بکات؛ هەروەها ئیسرائیلیش وەکو هەر وڵاتێکی دیکە، دەبێت رێز لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییان بگرێت".
لەبارەی پلانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر شاری رەفەح لە کەرتی غەززە کە بەشێکی زۆری ئاوارەکانی فەلەستینی تێدا کۆبووەتەوە، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، "ئەگەر ئیسرائیل رێکار دژی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە رەفەح بگرێتە بەر، ئەوا بەرپرسیارییەتی ئەوەشی هەیە رێڕەوێکی مرۆیی سەلامەت بۆ خەڵکی سڤیل دابین بکات".
رۆژی هەینی 9-2-2024 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لە سوپای وڵاتەکەی کرد پلانێکی بۆ ئامادە بکەن بۆ هێرشکردنە سەر شاری رەفەح.
رۆژێک دوای ئەوە، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا هۆشداری دا لەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفەح دەبێتە هۆی ئەوەی دەیان هەزار کەس لە شارەکە گیان لەدەستبدەن.
پێش 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو و دەستپێکردنی جەنگی غەززە، شاری رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە کە هاوسنوورە لەگەڵ میسر، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 260 هەزار کەس بوو، بەڵام دوای دەستپێکردنی جەنگەکە و ئاوارەبوونی هاووڵاتییان، ئێستا نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار کەس لەو ناوچەیەی غەززەن.
گوتەکانی نەتەنیاهوو نیگەرانی بەشێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە لە سەرووی هەمووشیانەوە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە زێدەڕۆیی تێدا کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیاش رایگەیاند، جەنگی غەززە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سیڤیل گیان لەدەستبدەن و ئاماژەی بەوەش کرد، وەڵامی ئیسرائیل بۆ حەماس زێدەڕۆیی تێدا کراوە.