سەربازانی ئۆکراینا هیلاکن و رەشبینی بەشێك لە خەڵکی داگرتووە


رووداو دیجیتاڵ 

نزیکەی دوو ساڵە سەرووی 500 هەزار سەربازی ئۆکراینی بەشداری لە شەڕێكی قورسی دژ بە رووسیا دەکەن. ئەوان شەکەتن و پێویستیان بە پشووە.
 
ئانتۆن گروشێتسکی، کۆمەڵناسە لە کیێڤ و دەڵێت، "سەربازی 16 مانگە و دواتر دەبێ سەرباز پشوو بدات، سەربازانی ئۆکراینا نزیکەی 24 مانگە لە شەڕدان و چی دیکە توانایان وەک جاران نەماوە؛ سوپای ئۆکراینا پێویستی بە نو‌ێکردنەوەی هێزەکانیەتی."
 
سوپای ئۆکراینا پێویستی بە لانیکەم 500 هەزار سەربازی نوێ و پلانێكی ستراتیژی تۆکمە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت درێژە بە شەڕەکە بدات. ئەوە پێشنیازی ڤالیری زالووژنی، فەرماندەی پێشووی سوپای ئۆکراینا بوو کە خستیە بەردەم سەرۆکی ئۆکراینا. بەڵام بە دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی و دانانی ئۆلیکساندەر سیرسکی لە جێگەی، وەڵام درایەوە.
 
وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا کێشەی بە سەربازکردنی هاووڵاتییانی هەیە کە پێوەری رەشبینییان لە ئەنجامی جەنگ و پشتگیری وڵاتانی رۆژئاوا بەرزبووەتەوە.
 
ناتالیا، دانیشتووی کیێڤە، ئەو دەڵێت، "لەبەر ئەوەی هەمیشە هەستی نیگەرانی لە ناخماندا هەیە، بە دڵنیاییەوە بە ئەنجامی ئەم شەڕە زۆر گەشبین نین.
 
ئێدواردیش دانیشتوویەکی دیکەی کیێڤە، ئەو پێی وایە لەگەڵ ئەوەی هەست بە شەکەتیی سوپا دەکەن، "بەڵام دەبێت خەڵکی ئۆکراینا کۆڵ نەدات و هاوکاریان بین. پێویستە ناتۆ-ش زیاتر لە جاران هاوکاریی ئۆکراینا بکات، چونکە دەبینین کە کەمتەرخەمی لە ئاست ئۆکراینا دا هەیە."
 
کێشەکانی بەردەم ئۆکراینا زۆرن، لەنێویاندا بودجە سەربازییەکەی کە کەمتر لە سێ یەکی ئەوەی رووسیایە؛ 42 ملیار دۆلارە لە بەرامبەر 140 ملیار دۆلار تایبەت بە رووسیا؛ ئەوە سەرباری بەڵێنە سەربازییە جێبەجێنەکراوەکانی رۆژئاوا.
 
ئەوروپا، پار بەڵێنی بەرهەمهێنان و دابینکردنی ملیۆنێك گولـلە تۆپ بە ئۆکراینا دابوو، بەڵام کەمتر لە 700 هەزار دروستکران و 300 هەزاریان درانە ئۆکراینا.
 
پێچەوانەی هاوکارییە بە گوڕوتینەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا کە لە 2014 وە 90 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، 45 ملیاری لە دەستپێکی شەڕەکە بووە؛ ئێستا پاکێجێکی 61 ملیار دۆلاری لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لەنێوان کۆماری و دیموکراتەکاندا ماوەتەوە و یەکلایی نەکراوەتەوە.