بەرزترین پلەی گەرما لە 61 ساڵی رابردوودا لە ئەرجەنتین تۆمارکرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین، پلەی گەرما 38 پلەی سلیزییە و خەڵک بۆ خۆفێنکردنەوە پەنایان بۆ کەناراوەکان بردووە. ئەو شەپۆلە گەرمایەی رووی لە ئەرجەنتین کردووە، پلەی گەرمای بۆ بەرزترین بەراورد بە 60 ساڵی رابردوو، بەرزکردووەتەوە.
سابرینا فێرناندێز، خوێندکاری کۆلێجی هونەرە جوانەکان لە بۆینس ئایرس، دەڵێ "راستییەکەی من حەزم لە گەرمایە، بەڵام ئەم شەپۆلە گەرمایە زۆر بەهێزە، هەندێک کات ئەم گەرمایەش تووڕەم دەکات".
حکومەت بەهۆی گەرماوە باری نائاسایی لە 9 هەرێمی باشوور و نێوەڕاستی ئەو وڵاتە راگەیاندووە. هاوکات داوای لە هاووڵاتیان کردووە، خۆیان لەخۆدانە بەر تیشکی خۆر بەدووربگرن.
ماریۆ ئەپڵ، دانیشتووی بۆینس ئایرس باس لەوە دەکات "هەمیشە هەوڵ دەدەم لە ژێر سێبەر و بەردەم هەوای ساردکەرەوەدا بم. هەوڵدەدەم ئاگام لەخۆم بێت. لە ژێر دارەکاندا وەرزش دەکەم و کە راهێنان دەکەم کڵاو لەسەر دەکەم. بەو جۆرە دەتوانم بەسەر گەرمادا زاڵ بم".
بە گوێرەی ئاژانسی کەشناسیی ئەو وڵاتە، دیاردەی نیوەبازنەیی باشووری، هۆکاری گەرماکەیە و لە بەشێک لە ناوچەکانی ئەو وڵاتە 42 پلەی سلیزی تۆمارکراوە ئەوەش بە بڕی 1.7 پلە لە بەرزترین پلەی گەرمی زیاترە، کە لە دوای ساڵی 1961ـەوە تۆمارکراوە.
ئانتۆنی کارباڵۆ، هاووڵاتی ڤەنزوێلییە لە بۆینس ئایرس، گەرماکە شۆکی کردووە و دەڵێ "ئێمە هاوڕێمان لە بۆینس ئایرس زۆرە، تائێستا کە باسی گەرمای بۆینس ئایرسیان دەکرد باوەڕمان نەدەکرد، بەڵام تاوەکو بە چاوی خۆمان نەمانبینی باوەڕمان نەکرد".
ئەمساڵ بۆ جاری پێنجەمە شەپۆلی گەرمای بەهێز روو لە ئەرجەنتین دەکات و حکومەت هۆشداری دەدات لەوەی گەرماکە زیانی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵی دەگەیێنێت.
ساڵی رابردووش، دیاردەی لانینا پلەی گەرمای لە تەواوی ئەرجەنتین بەرزکردەوە و بە بڕی 10 ملیار دۆلار، زیانی بە دانەوێڵەی وڵاتەکە گەیاند.