خواردنگەکانی لەندەن ڤالانتاین بە دەرفەتی زیادبوونی خواست بۆ خواردنەکانیان دەبینن

13-02-2021
عیسا حەسەن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا بەهۆی رێکارەکانی حکومەتی بەریتانیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا خواردنگەکان داخراون، رێستۆرانتی لوکا لە سەنتەری لەندەن هاوشێوەی سەتان رێستۆرانتی دیکە لە رێگەی دیلیڤەرییەوە خواردن دەگەیێنێتە کڕیارانی.
 
رۆبێرت چامبەرس، بەڕێوەبەری خواردنگەی لوکا ئاماژە بەوە دەکات، "بیری ئەو کڕیارانە دەکەم کە لەم دەرگایەدا داهاتنە ژوورەوە و دەڕۆیشتن، هاوکات چێژیان دەبینی. هەستکردن بەوەی خەڵک لە رێستۆرانتەکەت چێژ دەبینێت بەڕاستی شتێکی خۆشە. بەڵام دڵخۆشیشم، چونکە دەکرا شتەکان خراپتر بووبان. ئەگەر هەموو شتێک وەستابا، نەمان دەتوانی ئەوە بکەین، ئەوەش زۆر زۆر جێگەی دڵتەنگی بوو". 
 
بە هاتنی رۆژی ڤالانتاین، خواست لەسەر خواردنی دیلیڤەری لە لەندەن زیادبووە و ستافی ئەو خواردنگەیەش پێنج هێندەی رۆژانی ئاسایی سەرقاڵن و دەبێت خواردنی زیاتر ئامادەبکەن، بەڵام بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، هێشتا بەراورد ناکرێت بەو رۆژانەی هێشتا پەتای کۆرۆنا تەشەنەی نەکردبوو خەڵک دەهاتنە رێستۆرانتەکەی.
 
چامبەرس باس لەوە دەکات، "لەو سێ رۆژەی کۆتایی رۆژانە زیاتر لە 500 ژەم دروستدەکەین، بۆیە ئیشێکی زۆر و ئامادەکارییەکی زۆرمان پێویستە، بەڵام زۆریش باشە، هەستێکی خۆشە کە دەبینی هەموو تیمەکەت گەڕاوەتەوە و کارێکی زۆریان هەیە، ئەوەندەی دەتوانن خواردن بۆ خەڵک دروستدەکەن".  
 
زۆرێک لەو رێستۆرانتانەی کە خاوەن براندن و دەیان لقیان هەیە لەو شەپۆلی داخستن و زیانە بێبەش نین کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەگەڵ خۆی هێناویەتی، رێستۆرانتەکان ژمارەی کارمەندەکانیان کەمکردووەتەوە و رۆژانە بە ئۆنلاین لەسەر خواستی سەردانیکەرانیان خواردن دروستدەکەن. 
 
14ـی شووباتی هه‌موو ساڵێک یادی رۆژی خۆشه‌ویستییه‌ و له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان یادی ئەو رۆژە دەکرێتەوە، رۆژی خۆشەویستی بە (ڤالانتاین) ناسراوە و لە رۆژەدا بەشێک لە کچان و کوڕان و هاوژینەکان گوڵی سوور وەك دیاری پێشکێشی یەکدی دەکەن و لە هەرێمی کوردستانیش یادی ئەو رۆژە دەکرێتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە