لە رێوڕەسمی خەڵاتەکانی گرامی رەخنە لە بڕیارەکانی ترەمپ گیرا

رووداو - هەولێر

ئەمساڵ سیاسەت باڵی بەسەر رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی میوزیکی گرامی داگرتبوو. لەو رێوڕەسمەدا هونەرمەندانی بەشدار رەخنەیان لە سیاسەتی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی رێگڕیکردن لە چوونی هاووڵاتییانی حەوت وڵاتی زۆرینە موسڵمان بۆ ئەمریکا گرت.

بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وایکردووە تەنانەت لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانیشدا قسە دەربارەی سیاسەت بکرێت.

جێنیفەر لۆپێز، خانمە گۆرانیبێژی ناسراوی ئەمریکی و پاریس جاکسن، خانمە ئەکتەری ئەمریکی سوودیان لە کاتەکەیان لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی "گرامی" وەرگرت بۆ ئەوەی دەربارەی ئەو بابەتانە قسە بکەن کە ناڕەحەتی کردوون.

جێنیفەر لۆپێز گوتی "لەم کاتە تایبەتیەی مێژوودا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە دەنگمان پێویستە. ئێستا کاتی بێ ئومێدی و بەزەییهاتنەوە و بێدەنگی و ترس نییە. دەبێت سوود لە وشەکانمان وەربگرین، چونکە لەم رێگایەوە دەتوانین برینەکانی شارستانییەت ساڕێژ بکەین".

پاریس جاکسن، تاقە کچەکەی مایکڵ جاکسن، ئەستێرەی کۆچکردووی ئەمریکی لەگەڵ هاتنە سەر ستەیجدا لە لایەن ئامادەبووانەوە پێشوازیی گەرمی لێکرا.

جاکسنی تەمەن 18 ساڵ نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر بڕیارەکەی ترەمپی تایبەت بە داکۆتا راگەیاند و گوتی "دەتوانین سوود لەم پەرۆشیە وەربگرین بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانێک دژ بە بڕیاری بۆرییەکە. نابێت ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت".

گرووپی "ئەترایب کۆڵد کوێست"یش رەخنەیان لە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ پێنەدانی ڤیزا بە خەڵکی حەوت وڵاتی زۆرینە موسوڵمانی جیهان گرت و لە کاتی پێشکەشکردنی گۆرانیەکەیاندا چەندینجار وشەی "بەرگری بکەن"یان دووبارە کردەوە، کە بوەتە درووشمی ئەو خۆپیشاندانانەی لە ئەمریکا دژ بە بڕیارەکانی ترەمپ بەڕێوەدەچن.  

داڕشتنەوە: حەکیم داود