بایدن: ئاگربەستی غەززە نزیکە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا لە گوتاری کۆتایی باسی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "رووخانی ئەسەد نەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش. ئێران نەبێتە خاوەن ئەتۆم و ئاگربەستی غەززەش نزیکە."
شەوی دووشەممە، 13-01-2025، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دوایین گوتاری خۆی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە پێشکێش کرد و باسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کرد.
بایدن لە باسی سووریا گوتی: "ئیدارەی داهاتوو دەبێت دڵنیا بێت لەوەی رووخانی ئەسەد نابێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا و لە سەرتاسەری ناوچەکە."
لەبارەی ئێرانیش گوتی: "دەبێت ئەو بەڵێنە بەردەوام بێت کە ئەمریکا هەرگیز، هەرگیز رێگە نادات ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت."
سەبارەت بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس، بایدن رایگەیاند: "لە جێبەجێکردنی ئەو پێشنیازە نزیکین، کە چەند مانگێک پێش ئێستا بە وردی خستمە روو. لە ماوەی ساڵانی خزمەتی گشتیمدا فێر بووم کە هەرگیز، هەرگیز، هەرگیز، دەستبەرداری هەوڵەکانم نەبم. دوێنێ قسەم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد. ئەمڕۆ لەگەڵ میری قەتەر قسەم کرد. چاوەڕێ دەکەم بەم زووانە لەگەڵ سەرۆک سیسیش [سەرۆکی میسر] قسە بکەم."
سەرۆکی ئەمریکا کە لە 20-01-2025 کۆتایی بە ئەرکەکەی دێت گوتی: "ئێمە گوشاری زۆر دەخەینە سەر پرۆسەکە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە. ئەو رێککەوتنەی ئێستا لە چوارچێوەکەی داین؛ بارمتەکان ئازاد دەکات، شەڕەکە رادەگرێت، ئاسایش بۆ ئیسرائیل دابین دەکات و رێگەمان پێدەدات هاوکارییە مرۆییەکان بۆ فەلەستینییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکەین. لەم جەنگەی حەماس دەستیپێکرد، ئازارێکی زۆرمان چەشت. ئەوان [خەڵکی غەززە] بە دۆزەخێکدا تێپەڕیون. ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بێتاوان کوژراون. چەندین کۆمەڵگە وێران کراون. گەلی فەلەستین شایستەی ئاشتی و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیەتی. ئیسرائیلیش شایستەی ئاشتی و ئاسایشی راستەقینەیە. بارمتەکان و خێزانەکانیان شایستەی ئەوەن بەیەکتر شادببنەوە."
رۆژی یەکشەممە، 12-01-2025، جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە بەرنامەیەکی کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی گوتی: "لایەنەکان لە ئاگربەستی غەززە زۆر زۆر نزیکن، بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک تاوەکو جەنگ لەو کەرتە بوەستێت و 98 بارمتەکە رزگاربکرێن، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە خاڵی کۆتایی."