لە بەریتانیا ئەپڵ دەدرێتە دادگە و داوای 1.5 ملیار پاوەندی لێ دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە بەریتانیا دادگاییکردنی کۆمپانیای ئەپڵی ئەمریکی دەستپێدەکات و داوای 1.5 ملیار پاوەند قەرەبووی لێ دەکرێت لە بەرامبەر ئەوەی جگە لە ئەپ ستۆر، رێگە نادات هیچ فرۆشگەیەکی دیکەی ئەپەکان لەسەر ئایفۆن و ئایپادەکانی هەبن. 
 
سکاڵاکە لە ئایاری ساڵی 2021 لەسەر ئەپڵ تۆمارکراوە. کۆمپانیاکە تۆمەتبارکراوە بە پێشێلکردنی یاساکانی رکابەرایەتیی لە ئەورووپا و بەریتانیا، لەبەر ئەوەی "هەموو فرۆشگەیەکی دیکەی ئەپەکانی لەو ئامێرانە قەدەخە کردووە کە کار بە iOS دەکەن."
 
لە سکاڵاکەدا هاتووە، دەکرێت نزیکەی 20 ملیۆن بەکارهێنەری ئامێرەکانی ئەپڵ لە لایەن کۆمپانیاکەوە پارەی زیادیان لێ وەرگیرابێت "چونکە ئەپفرۆشە رکابەرەکانی دیکەی قەدەخە کردووە."
 
سکاڵاکارەکان دەڵێن ئەو "30٪ زیادەیەی" لە ئەپ ستۆری ئەپڵ دەخرێتە سەر نرخی هەر ئەپێک، "لە گیرفانی بەکارهێنەری ئاساییەوە دەدرێت."
 
ئەپڵ دەڵێت، ئەم دۆسیەیە "بێبەرهەمە". 
 
سکاڵاکە لە لایەن د.رەیچل کێنت، مامۆستای زانکۆی کینگز، کۆلێژی لەندەن و دامەزراوەی یاسایی هاوسفێڵد تۆمارکراوە. 
 
دادگاییکردنەکە لە دادگەی نێوبژیوانی رکابەرایەتی لە لەندەن بۆ ماوەی حەوت هەفتە بەردەوام دەبێت. 
 
کڕۆکی سکاڵاکە ئەوەیە کە ئەپڵ ئەپ ستۆری وەک ئامرازێک بەکارهێناوە بۆ ئەوەی رکابەرەکانی دیکە بکاتە دەرەوە و بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئایپاد ناچار بن ئەپفرۆشەکەی خۆی بەکاربێنن، تاوەکو لەو رێگەیەوە پارەی زیاتر بۆ کۆمپانیاکە بڕوات. 
 
کێنت دەڵێت: "ئەو 30٪ زیادەی دەخرێتە سەر نرخەکە، بەسەر هەموو ئەو ئەپانەدا جێبەجێدەکرێت کە دایاندەگری یان لەنێو ئەپەکەدا شت لە ئەپ ستۆر دەکڕیت."
 
بەڵام بەسەر ئەو ئەپانەدا جێبەجێ ناکرێت کە شتی بەرجەستە دەفرۆشن، وەک ئەو ئەپەکانی گەیاندنی خواردن یان کڕینی جلوبەرگ و پێداویستییە بەرجەستەکانی دیکە.
 
کێنت بڕوای وایە، هەموو ئەوانەی وەشانی بەریتانیی ئەپ ستۆریان لە نێوان 1ی تشرینی یەکەمی 2015 و 15ی تشرینی دووەمی 2024 بەکارهێناوە، دەکرێت مافی ئەوەیان هەبێت قەرەبوو لە ئەپڵ وەرگرن. 
 
سکاڵاکە داوای 1.5 ملیار پاوەند کە دەکاتە 1.8 ملیار دۆلار. 
 
بەپێی یاسای بەریتانیا، ئەگەر ئەپڵ ئەم سکاڵایە بدۆڕێنێت، ئەوا قەرەبووەکە بەسەر هەموو بەکارهێنەرانی ئامێرەکانیدا دابەشدەکرێت، تەنیا ئەوانە نەبن کە خۆویستانە پارەکە رەتدەکەنەوە.