رووداو دیجتاڵ
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی تایوان رایگەیاند، دوای جیاکردنەوەی 98٪ی دەنگەکان، بەربژێری پارتی 'پێشکەوتنی دیموکراسی' بەسەر بەربژێری پارتی 'کۆومینتانگ' سەرکەوت.
رۆژی شەممە، 13ی کانوونی دووەمی 2024، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی تایوان بڵاویکردەوە، لە 98٪ی دەنگی جیاکراوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تایوان، لای چینگ تی، بەربژێری پارتی پێشکەوتنی دیموکراسی کە بە نزیک لە ئەمریکا دادەنرێت، ٪40.2ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و یو ئیهـ، بەربژێری پارتی کۆومینتانگ کە بە نزیک لە چین دادەنرێت، ٪33.4ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
لای چینگ تی لەدوای بردنەوەی هەڵبژاردنەکان گوتی، "سوپاس ئەی خەڵکی تایوان، پێکەوە لاپەڕەیەکی نوێی دیموکراسیمان نووسییەوە و پێشانی جیهانمان دا کە چەندە دیموکراسیمان لا بەنرخە کە ئەوە شتێکە هەرگیز دەستبەرداری نابین".
هەڵبژاردنەکەی تایوان رۆژی شەممە، کاژێر 8:00ی بەیانی بە کاتی تایوان (کاژێر 3:00ی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر) دەستیپێکرد و کاژێر 4:00ی ئێوارە بە کاتی تایوان (11:00ی پێش نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر) کۆتاییهات.
لە 23 ملیۆن دانیشتووی ئەو دوورگەیە، 19.5 ملیۆنیان مافی دەنگدانیان هەبوو و دەنگیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێک و 113 ئەندام پەرلەمان دا؛ هەر پارتێکی تایوان پێویستی بە تێپەڕاندنی بەربەستی 5٪ـە بۆ ئەوەی بتوانێت بچێتە پەرلەمان.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەنێوان بەربژێرانی سێ پارت بوو کە بریتی بوون لە لای چینگ تی، بەربژێری پارتی پێشکەوتنی دیموکراسی؛ یو ئیهـ، بەربژێری پارتی کۆومینتانگ و کۆ وین، بەربژێری پارتی میللی تایوان.
تاوەکو ئێستا رێژەی بەشداری و ئەنجامی دەنگدانی پەرلەمان بڵاونەکراوەتەوە.
هەڵبژاردنی تایوان چوار ساڵ جارێک دەکرێت. ئەندامانی پەرلەمانی تازەهەڵبژێردراو لە 1ی شوبات دەستبەکار دەبن و سەرۆکی هەڵبژێردراو و کابینەی داهاتووی حکومەتیش مانگی ئایار دەستبەکار دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ