رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی "بە جینۆساید دەناسێنێت،" ماکس لوکس، ئەندامی پەرلەمانی پارتی سەوزەکان و ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی ئەڵمانیا و رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی.
ماکس لوکس لەنێو پەرلەمانی ئەڵمانیا بە رووداوی گوت: ئەو پڕۆژەیاسایە نەک هەر تێدەپەڕێت، بەڵکو بەدڵنیاییەوە زۆرینەی دەنگەکان لە پەرلەمان بەدەست دەهێنێت، چونکە ئەڵمانیا ئامادەیە بڵێت کە گەورەترین رەوەندی ئێزدی لە هەموو جیهاندا لە ئەڵمانیایە و... بەرپرسیاریێتیی ئەو بە جینۆسایدناساندنەش لە ئەستۆبگرێت.
ئەو پەرلەمانتارە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیش دەکات، هاوکاریی کوردانی ئێزدی بکەن بە دابینکردنی ژیانێکی ئارامتر و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکانیان. هەروەها "هەوڵی جیددی بۆ پاراستنی کۆمەڵگەی ئێزدی و بەهێزکردنیان" بدەن. گوتیشی، "من هیوادارم کە حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر بەشداربێت لەو پرۆسانە، چونکە ئێمە پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە و پێکەوە بەباشی کار دەکەین."
دەقی هەڤپەیڤینەکەی ئاڵا شاڵی لەگەڵ ماکس لوکس:
رووداو: ماکس زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە، یەکەم پرسیارم ئەوەیە ئایا هەفتەی داهاتوو پڕۆژەیاساکە لێرە بڕیاری لەسەر دەدرێت؟
ماکس لوکس: ئەو پڕۆژەیاسایە نەک هەر تێدەپەڕێت، بەڵکو بەدڵنیاییەوە زۆرینەی دەنگەکان لە پەرلەمان بەدەست دەهێنێت، چونکە ئەڵمانیا ئامادەیە بڵێت کە گەورەترین رەوەندی ئێزدی لە هەموو جیهاندا لە ئەڵمانیایە، هەر بۆیە بەرپرسیاریەتی گەورەترین رەوەندی ئێزدی لە جیهاندا هەڵدەگرێت لێرە و هەروەها بۆ هەموو ئێزدییەکان بە گشتی، هەر بۆیە بە دڵنیاییەوە زۆرینەیەکی زۆر لە بوندستاگی ئەڵمانیدا ئەو کۆمەڵکوژییە بە جینۆساید دەناسێنن و ئامادەشن ئەو بەرپرسیارییەتییە بگرنە ئەستۆ.
رووداو: لەم پڕۆژەیاسایەدا جگە لە بڕیاردان، رێوشوێنی دەستنیشانکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ دڕندەییەکانی داعش بەرامبەر ئێزدییەکان ناونراوە، ئەم رێوشوێنانە لە چ قۆناخێکدان؟
ماکس لوکس: ئەو رێوشوێنانە لە قۆناخی جیاجیادان، لە لایەک سەبارەت بە گۆشەگیریی تاوانباران کە لە ئەڵمانیاوە هاتبوون سەفەریان کرد و چوونە ریزەکانی داعش و دواتر هاتنەوە، ئەوانە لێرە بە هەموو تووندیی سەروەری یاساوە بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونیان. لە هەمان کاتدا بێگومان بەڵگەی نێودەوڵەتیش هەیە سەبارەت بە ئەم جینۆسایدە، بەتایبەتی لە عێراق و لەوێش پشتگیری لە دەستپێشخەریی جۆراوجۆر دەکەین، بەڵام داوا لە حکومەتی ناوەندیی عێراقیش دەکەین و چاوەڕوانیمان ئەوەیە ئەم تاوانانەی بەرامبەر بە کۆمەڵگەی ئێزدی کرا، چی دیکە بکەرانیان تەنیا بە تۆمەتی کوشتن دادگایی نەکرێن، بەڵکو
لەلایەن دادگەکانی عێراقەوە وەک جینۆساید لەسەر بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
رووداو: لەگەڵ کام دەزگایانەدا هاوئاهەنگی دەکەن؟
ماکس لوکس: بۆ نموونە کار لەگەڵ UNITAD دەکەین کە نوێنەرایەتییەکی ناوازەی نەتەوە یەکگرتووەکانە و کاریان پاراستنی بەڵگەکانە لە دۆسیەی ئەم جینۆسایدەدا، لەبەرئەوە ئەڵمانیا ئامادەیە بەردەوام بێت لە پشتگیریکردنی ئەم ئەرکەی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها بەردەوام دەبین بۆ هاوکاریکردنی رزگاربووان. جگە لە ئەمانەش لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری رێکخراوەکان کار دەکەین و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا چالاکین، بۆ نموونە: لە هەرێمی کوردستان - عێراق هەوڵدەدەین دۆخی مرۆیی بۆ رزگاربووانی ئەم جینۆسایدە لە کەمپەکانی پەنابەران باشتر بکەین، هەروەها دەمانەوێت راوێژکاریی دەروونی و کۆمەڵایەتی زۆر زیاتر بکەین بۆیان.
رووداو: ئەی هاوئاهەنگیتان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا چۆنە؟
ماکس لوکس: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بنەڕەتدا زۆر باشن. ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان - عێراق پەیوەندییەکی نزیکیان هەیە و ئێمە دەمانەوێت کە هەرێمی کوردستان - عێراق گەشە بکات بە ئاراستەی سەروەریی یاسا و بە ئاراستەی دیموکراسی، هەروەها بەهێزکردنی مافەکانی مرۆڤ لامان مەبەستە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە چاوەڕوانی ئەوەش دەکەین لە هەرێمی کوردستان - عێراق هەوڵی جیددی بۆ پاراستنی کۆمەڵگەی ئێزدی و بەهێزکردنیان بدات. بۆ نموونە: باشترکردنی دۆخی مرۆیی لە کەمپەکاندا. داوا دەکەین بەشداربن لە بەدیهێنانی ئارامی و سەقامگیری لە شنگال. من هیوادارم کە حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر بەشداربێت لەو پرۆسانە، چونکە ئێمە پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و پێکەوە بەباشی کار دەکەین.
رووداو: ئایا ئەمە تەنیا خۆی لە هاوکاریی دارایی دەبینێتەوە یان ئەڵمانیا دەیەوێت بە جدی هاوکاربێت لە ئاوەدانکردنەوە و هەروەها چارەسەری کێشەی ژن و منداڵە ئێزدییەکان . ئەڵمانیا دەیەوێت چ رۆڵێک بگێڕێت.
ماکس لوکس: تۆ خاڵێکی زۆر گرنگت باس کرد، بەڵێ پەیوەندی بە پاڵپشتیی مرۆییشەوە هەیە، بەتایبەتی بۆ رزگاربووانی ئەم جینۆسایدە. هەموو دەزانین ئەو ژنانە چ ئەزموونێکی زەبربەخشیان هەبووە. هەر بۆیەش ئەڵمانیا تەنیا پارە ناداتە ناوچەکە، بەڵکو ئەرکی دیکەش دەکەوێتە سەرشانی، بێگومان پارەش گرنگە بیدات، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە ئایا چ ئۆفەرێک بۆ قوربانییە رزگاربووەکان پێشکێش بکەین. بۆ نموونە ئەڵمانیا بەشدارە لە کارەکانی پرۆفیسۆر یان ئیلهان کیزیلهان لە بادن-ڤورتێمبێرگەوە، کە لەگەڵ چاودێریی دەروونیی کۆمەڵایەتیی زانکۆی دهۆک کاردەکات بۆ رزگاربووانی جینۆساید. ئێمە بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی چاودێریی دەروونیی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی رزگاربووان بە شێوەیەکی تایبەت یەکێکە لە کارە گرنگەکانمان.
رووداو: دوایین پرسیارم ئەمەیە، چەندێک دڵخۆشن کە کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بە جینۆساید دەناسێندرێت و پڕۆژەیاساکەتان سەرکەوتوو بوو؟
ماکس لوکس: من زۆر ئاسوودە بووم لەو بارەیەوە باوەڕم وایە ئەڵمانیا دیسان هەنگاوێکی زۆر باش دەنێت، ئەڵمانیا دەتوانێت شانازی بە ئەوەوە بکات کە گەورەترین دیاسپۆرای ئێزدی لە جیهاندا لە ئەڵمانیایە و دواجار ئەڵمانیا بەرپرسیاریێتیی خۆی بەرامبەر ئێزدییەکان دەگرێتە ئەستۆ، بەرپرسیارێتییەک کە ئێمە بەرامبەر بە قوربانییانی ئەم جینۆسایدە قەرزارین، چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014 دا چاویان لەو تاوانانە پۆشی. ئەو چاوپۆشینە دووبارە نابێتەوە. ئەڵمانیا بە تەواوەتی پاڵپشتیی کۆمەڵگەی ئێزدییەکان لە سەرانسەری جیهاندا دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ