ئەڵمانیا داوا لە عێراق دەکات ئەو پەناخوازانە وەربگرێتەوە کە مافی مانەوەیان لە وڵاتەکەدا نییە

14-01-2023
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی محەممەد شیاع سوودانی و راوێژکاری ئەڵمانیا
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی محەممەد شیاع سوودانی و راوێژکاری ئەڵمانیا
A+ A-

رووداو - بەرلین

راوێژکاری ئەڵمانیا بە رێورەسمێکی سەربازی پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد. لە کۆبوونەوەی نێوان محەممەد شیاع سوودانی و شۆڵتز، سی تەوەری گرنگ باس کران کە ئەوانیش ئابووری، وزە و پرسی کۆچبەران بوون.
 
دکتۆر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە رووداوی گوت، "بابەتی ئابووری و وزە و کۆچبەران [لە کۆبوونەوەکە باس کران] ئەمە سێ تەوەرە سەرەکییەکە بوون. [لە کۆبوونەوەی] سەرۆکی ئەڵمانیا و سەرۆکوەزیران کۆمەڵێک تەوەر باس کران، جگە لە بابەتی ئابووری، دۆخی سیایی ناوچەکە، هەروەها سەرۆککۆماری ئەڵمانیا باسی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغداشی کرد."
 
سوودانی بە روونی داوای لە ئەڵمانیا کرد بۆ بەهێزکردنی ئابووریی عێراق، نەهێشتنی بێکاری، چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا و کێشەی گۆڕانکاریی کەشوهەوا هاوکاریی عێراق بکات و پەیوەندیی ئابووریی نێوانیان بەهێزتر بکەن.
 
زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق دەڵێت، "بەشێک لە پڕۆژەکان پەیوەست بوون بە ئامادەکاری و ستراتیژی و لێکۆڵینەوە تاوەکو سیستمی کارەبا لە عێراق دابنرێت و چارەسەرێكی ستراتیژی بۆ ئەو ناچانە بکرێت کە کێشەی کارەبایان هەیە."
 
لەو سەردانەدا و لە پرسی کۆچبەران، ئەڵمانیا داوای لە عێراق کرد، کار بکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پەناخوازە عێراقییانەی لە ئەڵمانیان و مافی مانەوەیان نییە، وەڵامی عێراقیش بۆ ئەو داوایەی ئەڵمانیا ئەوەبوو، پلانێک دابنێن و لە داهاتوودا کاری لەسەر بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە