ئەوانەی بەهۆی کۆرۆناوە گەشتە ئاسمانییەکانیان هەڵوەشابوونەوە قەرەبوو دەکرێنەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئەوانەی بەهۆی رێوشوێنەکانی کۆرۆناوە گەشتە ئاسمانییەکانیان هەڵوەشانەوە و بلیتەکانیان فەوتان، دادگایەکی ئەوروپی بڕیاریداوە ئەوانە قەرەبوو بکاتەوە.
 
کێشەیەکی گەورە کە بەهۆی کۆرۆناوە دروستببوو ئەوە بوو کە زۆر کەس بلیتی فڕۆکەیان کڕیبوو و لەپڕ بەهۆی رێوشوێنەکانی خۆپارێزییەوە گەشتەکان هەڵوەشابوونەوە. زۆر کوردی دیاسپۆرانشین لە ماوەی رابردوودا پەیوەندییان بە رووداو دەکرد و پرسیاریان دەکرد کە چۆن دەتوانن پارەی بلیتەکانیان وەربگرنەوە. بێگومان هەر کورد نەبوون کە ئەو کێشەیەیان هەبوو. بەڵکو خەڵکی دیکەش هەبوون هەمان کێشەیان هەبوو.
 
بۆ نموونە دوو کەس لە شاری میونشنی ئەڵمانیا دۆزێکیان لە دادگە کردبووەوە. ئەوان ساڵی 2020 بۆ گەشتکردن چووبوونە دوورگەی گران کەناری، بەڵام بەهۆی رێوشوێنەکانی کۆرۆناوە ناچارکرابوون زووتر کۆتایی بە گەشتەکەیان بهێنن. ئێستا ئەو دوو کەسە دەڵێن دەبێت 70%ی پارەی بلیتەکانیان بۆ بگێڕدرێتەوە. کۆمپانیا گەشتیارییەکە ئەو داوایەی رەتدەکردەوە. 
 
دادگەی میونشن داوای لە دادگەی دادی ئەوروپا کردبوو کە لەوبارەیەوە رای خۆی بڵێت. دادگاکە دەڵێت؛ هەر گەشتیارێک لەوکاتەدا مافی خورابێت دەبێ بە داشکاندن یان رێگەی دیکە قەرەبوو بکرێتەوە. 
 
ئەو بڕیارەی دادگەی ئەوروپا دەرگە دەکاتەوە بۆ ئەو کوردانەش کە بلیتەکانیان یان پارەکانیان فەوتان، داوای قەرەبوو و داشکاندن بۆ گەشتی نوێ بکەنەوە.