شۆڵتز: لەگەڵ سودانی باسمان لە هاوردەکردنی گازی عێراق کرد

13-01-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەیان لەسەر ئەگەری هاوردەکردنی گازی عێراق کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرلین هەوڵی دۆزینەوەی سەرچاوەی زیاتری وزە دەدات دوای ئەوەی کە هەناردەی نەوت و گازی رووسی بۆ ئەو وڵاتە کەمبووەیەوە. 
 
دوای کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا، ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە پایتەختی وڵاتەکەی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "قسەمان لەسەر ئەگەری هەناردەکردنی گاز بۆ ئەڵمانیا کرد و رێککەوتنین لە نزیکەوە لە پەیوەندیدا بمێنینەوە." 
 
هاوکات سوودانی گوتی، دەرفەتیان بە کۆمپانیا ئەڵمانییەکان داوە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان گازی سرووشتی و گازی دەرپەڕیوی کێڵگە نەوتییەکاندا بکەن. سەرۆکوەیزرانی عێراق روونیشیکردەوە کە دەیانەوێت لە رێگەی بۆڕیێکەوە بە نێو تورکیادا گاز بۆ ئەوروپا بنێرن. 
 
گازێکی زۆری عێراق کە لە کاتی دەرهێنانی نەوت دەردەپەڕێتەدەرەوە، بەفیڕۆ دەردەدرێتە نێو هەواوە، چونکە عێراق توانا و سەرچاوەی پێویستی نییە بۆ شلکردنەوەی گازەکە بۆ ئەوەی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی نێوخۆ بەکاریبێنێت، لە کاتێکدا کە گازی سرووشتی لە ئێرانەوە هاوردە دەکات بۆ ئەوەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەباکەی پێ وەگەڕبخات.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "لە دوێنێوە ژمارەیەک کۆبوونەوە و دیدارمان کردن و باسمان لە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە گازی دەرپەڕیو [لە کێڵگە نەوتییەکان]دا کرد."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، هەست بە "رژدبوونی روونی ئەڵمانیا" بۆ پێکەو کارکردن لەگەڵ عێراقدا دەکەن. 
 
ئەڵمانیا کە پێشتر 55٪ـی گازەکەی لە رووسیاوە هاوردە دەکرد، هەوڵەکانی خستوونەتەگەڕ بۆ ئەوەی لە شوێنەکانی دیکەوە گازی سرووشتیی شلکراو بەدەستبخات، بۆ ئەوەش دوو گرێبەستی لەگەڵ قەتەر و ئەمریکادا کردوون.
 
راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی: "بە چڕی دەستمان بە دروستکردنی وێستگەکانی گازی شلکراومان کردووە،" بۆ ئەوەی ژێرخانی پێویست لە ئەڵمانیادا هەبێت و بتوانرێت لەوێوە گازی شلکراو بۆ وڵاتە ئەوروپییەکانی دیکە بگوازرێتەوە. گوتیشی، عێراق "ئەو هاوبەشەیە کە هیوای زۆرمان پێی هەیە بۆ بابەتی گاز."
 
ئەڵمانیا پێویستی بە گازە و عێراقیش پێویستی بە کارەبایە 
 
یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی سوودانی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکگەییشتن بوو لەگەڵ کۆمپانیای سیمێنزی ئەڵمانی بۆ نۆژەنکردنەوەی کەرتی کارەبای عێراق کە لە دوای ساڵی 2003ـەوە بەهۆی رەوشی خراپی ئەمنی و نەبوونی چاککردنەوە، بە دەست کۆمەڵێک کێشەوە دەناڵێنێت. 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند کە یاداشتێكی لێکتێگەییشتنیان لەگەڵ کۆمپانیای سیمێنزی ئەڵمانیدا واژۆکردووە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان، باشترکردنی دابەشکردن و کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی کارەبا. 
 
سوودانی جەختیکردەوە کە "پارەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەییشتنە ئامادەکراوە،" ئەمە لە کاتێکدایە کە پێش ئەوەی بەرەو بەرلین بەڕێبکەوێت، سوودانی لە بەغدا رەخنەی لە گرێبەستەکانی نێوان حکومەتەکانی پێشووی عێراق و کۆمپانیا بیانییەکان گرت کە بە گوتەی خۆی، بەهۆی پارەدارنەکردنیان، "تەنیا مەرەکەبی سەر کاغەز" بوون. 
 
هاوکات شۆلتز گوتی: "زۆر دڵخۆشم بە رێککەوتنی نێوان وەزارەتی کارەبای عێراق و کۆمپانیای سیمێنز بۆ نۆژەنکردنەوەی کەرتی کارەبای عێراق."
 
راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد: "ئەم هاوبەشییە درێژخایەنە، تەنیا نابێتە هۆی باشبوونی کارەبای عێراق، بەڵکو هەروەها دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان."
 
وردەکاریی رێککەوتنەکە
 
رێککەوتنەکە، کە بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی ئابووریی ئەڵمانیا رۆژی هەینی لە لایەن زیاد عەلی، وەزیری کارەبای عێراق و کریستیان بروک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سیمز واژۆی لەسەر کراوە، 11 گێگاواتی کارەبا بۆ عێراق زیاددەکات. 
 
رۆبەرت هابێک، وەزیری ئابووریی ئەڵمانیا کە لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کاتی واژۆکردنەکە ئامادەبوون، گوتی: "لە ساڵانی داهاتوودا عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو وەبەرهێنان لە ژێرخانی وزەکەیدا دەکات." هابێک روونیکردەوە کە کۆمپانیای "سیمنز ئینێرجی رۆلێکی سەرەکیی لەو پەرەپێدانەدا دەبێت."
 
ئەو پڕۆژانەی لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا هاتوون، دروستکردن و گەشەپێدانی وێستگەی کارەبا لەخۆدەگرێت، کە پشت بە سەرچاوەکانی وزەی پاک و وزەی نەریتیش (نەوت و گاز) دەبەستن، ئەمە وەک لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ئابووریی ئەڵمانیادا هاتووە. 
 
کریستیان برووک پێش واژۆکردنی یاداشتنامەکە، بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتبوو کە "سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی کارەبا بناخەی کۆمەڵگەیەکی سەقامگیرە، بۆیە دابینکرنی کارەبای بەشە گەورەکانی تەواوی وڵاتێک یەکێکە لە گرنگترین ئەرکەکانی کارەکەمان،" هەروەها ئاماژەی بەوە کردبوو کە کۆمپانیاکەیان هەوڵدەدەن پڕۆژەکان بە زووترین کات لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکان جێبەجێ بکەن. 
 
سوودانی لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکەی لەگەڵ شۆڵتز گوتی: "ئەزموونێکی سەرکەوتوومان لەگەڵ سیمنزدا هەیە، ئارەزووی خۆشمان بۆ هاتنی کۆمپانیای دیکە بۆ نێو کەرەتەکانی تەندروستی، پەروەردە، پیشەسازی و کشتوکاڵ دەربڕی."
 
سوودانی گوتی، کۆبوونەوەی رۆژی هەینیی لەگەڵ شۆڵتز"دەبێتە هۆی دامەزراندنی پەیوەندییەکی ستراتیجی لەگەڵ ئەڵمانیا."

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوکات سوپاسی "پشتیوانیی ئەڵمانیا"ی بۆ عێراق کرد و باسی لەوە کرد، "ئەڵمانیا پشتیوانیی سەربازیی بۆ عێراق دابینکرد لە کاتی شەڕی دژی داعشی تیرۆرست، هەروەها پشتیوانیی داراییشی بە عێراق دا."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مزگەوتێکی هەولێر؛ وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

توێژینەوەیەک: 85%ـی هاونیشتمانییانی باشووری کوردستان و هاووڵاتییانی عێراق رۆژانە نوێژ دەکەن

نزیکەی 98%ـی دانیشتووانی ئیندۆنیزیا پێیانوایە ئایین لە ژیانی رۆژانەدا زۆر گرنگە و 95%یشیان دەڵێن، رۆژانە نوێژ دەکەن. ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانی بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپاش باس لەوە دەکەن، ئایین لە ژیانی رۆژانەدا بەلایانەوە گرنگ نییە.