هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی داوا لە تورکیا دەکات گرژییەکانی باکووری سووریا کەمبکاتەوە

13-01-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش داوا لە تورکیا دەکات گرژییەکان "لە باکووری سووریا" کەمبکاتەوە و دەڵێت "سەرنجمان لەسەر ئەرکی تێکشکاندنی داعش و پشتگیریکردن لە هێزەکانی سوریای دیموکراتە." جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکاش بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاماژە بەوە دەکات، ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش کارێکی لەپێشینەی ستراتیژییەتی بەرگری نیشتمانی و ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەیانە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2023، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا دەقی کۆبوونەوەیەکی ڤێرچواڵی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە عێراق و سووریا بڵاوکردەوە؛ کۆبوونەوەکە لەلایەن جۆن موور، بەرپرسی راگەیاندنی سێنتکۆم -  فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بەڕێوەبرا و هەریەکە لە دەینا سترۆڵ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ جەنەڕاڵ ماتیو مکفارلەین، فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش تێیدا بەشداربوون. 
 
دەینا سترۆڵ، باسی لە راپۆرتی سێنتکۆم لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە عێراق و سووریا لە ساڵی 2022 دا کرد کە رۆژی 29ـی کانوونی یەکەمی 2022 بڵاوکرایەوە و گوتی، ئەو راپۆرتە گرنگە، چونکە پێشانیدەدات کە چۆن "هێزەکانی ئەمریکا، بەیەکەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان بەردەوامن لە شەڕی دژی داعش."
 
دەینا سترۆڵ لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانەوە گوتی، "کارێکی لەپێشینەی ستراتیژییەتی بەرگریی نیشتمانی و ستراتیژیی ئاسایشی نیشتمانیمانە، و یەکێکە لەو کارانەی کە سەرکردە باڵاکانمان لە واشنتن دی سی لە نزیکەوە پەیڕەوی دەکەن. هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە داعش وەک هەڕەشەیەک ماوەتەوە و هێشتا کاری زیاترمان ماوە بیکەین."
 
ستڕۆڵ جەختی لە پابەندیی ئەمریکا بە شەڕی دژی داعش کردەوە و گوتی، پابەندن بە پەرەپێدانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، "بەتایبەتی بۆ هێشتنەوەی هێزەکان لە عێراق و سووریا لەپێناو ئەم ئەرکەدا."
 
جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست باسی لەوەشکرد کە هاوپەیمانان بە گرنگیی ئەرکەکەیان لە شەڕی دژی داعش دەزانن و "دەشزانن کە داعش هێشتا هەڕەشەیە." باسی لەوەش کرد کە ساڵێک لەمەوبەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەرکەکەیان لە سەربازییەوە بۆ راوێژ، هاوکاری و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی هەواڵگری گۆڕی. 
 
ستڕۆڵ ئاماژەی بەوەشکرد کە "کارەکان بەردەوامن و لە کاتی گواستنەوەی ئەرکی سەربازیمان، ئێمە بوونی هێزەکانمان پاراستووە. ئێمە بینیومانە حکومەتی عێراق کۆدەبێتەوە و دانیشتووە و بەشێوەیەکی بەردەوام کارمان لەگەڵدا دەکات." گوتیشی کە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا نەک تەنیا باس لە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر داوای خۆیان دەکەن، بەڵکو باس لەوەش دەکەن کە "ئەرکی سەربازی تەنیا یەک پایەی پابەندبوونی ستراتیژیمانە لە عێراق." 
 
ئەمریکا بە گوتەی سترۆڵ پابەندە بە شەڕکردنی دژی داعش لەگەڵ هاوبەشەکانیان. گوتیشی کە لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە لە ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی داعش بەردەوامن و هەسەدە "تاکە هاوبەشی جێی متمانە، بەتوانا و پابەندن لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا" کە هاوشانی هێزەکانی ئەمریکا شەڕدەکەن. باسی لەوەشکرد کە 10 هەزار بەندکراوی داعش لە گرتووخانەکانی لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدە دا ماون کە وەکو خۆی دەڵێت، "داعش چاوی لەسەر داناون و وەکو رێگەی خۆڕێکخستنەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەیانبینێت." 
 
هەربۆیە، سترۆڵ دەڵێت، "دەبێت بەردەوام بین" لە کارکردنی لەگەڵ هاوپەیمانان و پاڵپشتیکردنی هەسەدە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە چەکدارانی پێشووی داعش دەبێت لەلایەن وڵاتەکانیاننەوە بگەڕێندرێنەوە. 
 
لای خۆشیەوە، مکفارلەین، فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش گوتی کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئێستا دەتوانن ئۆپەراسیۆنی سەربەخۆ لە دژی داعش ئەنجامبدەن. 
 
لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و سووریاشەوە، مکفارلەین ئاماژەی بەوەکرد، هێزەکانی هەسەدە بەردەوامن لە شەڕی دژی داعش کە لە ماوەی هەفتەی رابردوودا بە بەشداریی "هەزار کۆماندۆ ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان ئەنجامدا" و ژمارەیەک ئەندامی داعشیان دەستبەسەرکردووە.
 
مکفارلەین لەبارەی گرژییەکانی باکووری سووریا و ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و هەڕەشەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەوینی، گوتی، "بە دڵنیاییەوە، ئێمە بەردەوامین لە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی کەمکردنەوەی هەر گرژییەک لە باکووری سووریا، چونکە ئێمە سەرنجمان لەسەر ئەرکی داماڵینی داعش و پشتگیریکردن لە هێزەکانی سوریای دیموکراتە" لەکاتێکدا ئۆپەراسیۆنی دژی داعش ئەنجامدەدەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تاوەری ئیفل لە پاریس

سەردانیکردنی تاوەری ئیفل خەونی زۆربەی گەشتیارانە

تاوەری ئیفل، ئەو وێستگە گەشتیارییەی فەرەنسا کە ساڵانە نزیکەی 7 ملیۆن کەس سەردانی دەکەن. زۆربەی گەشتیاران تاوەکو وێنەیەک لەبەردەمیدا نەگرن و بڵاوی نەکەنەوە، سەردانەکەیان بۆ فەرەنسا بە ناتەواو هەژمار دەکەن.