جیهان
پەیامنێرانی بێسنوور: لە تشرینی یەکەمی 2023ـوە زیاتر لە 145 رۆژنامەڤان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە غەززە کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور رایگەیاند، ئەمساڵ 54 رۆژنامەڤان لەکاتی کارکردندا کوژراون، یەک لەسەر سێیان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بووە. هەروەها 55 رۆژنامەڤان بە بارمتەگیراون، کە 25یان لەلای داعشن.
رۆژی پێنجشەممە، 12ی کانوونی یەکەمی 2024، رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەباری دۆخی رۆژنامەڤانانەوە بڵاوکردەوە. راپۆرتەکە ئامارەکانی کانوونی یەکەمی ساڵی پێشتر بۆ کانوونی یەکەمی ساڵی دواتر لەخۆ دەگرێت.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەمساڵ 54 رۆژنامەڤان لەکاتی کارکردندا کوژراون، لەکاتێکدا هەمان ماوەی پار 45 رۆژنامەڤان کوژرابوون.
بەپێی راپۆرتەکە، ئەمساڵ 18 رۆژنامەڤان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون، کە 16ـیان لە غەززە و دووانەکەی دیکەش لە لوبنان بوون.
رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە راپۆرتەکەدا هەروەها دەڵێ "فەلەستین ترسناکترین وڵاتە بۆ رۆژنامەڤانان کە زۆرترین رۆژنامەڤانی تێدا کوژراوە."
لە راپۆرتی رێکخراوەکەدا باس لەوەش کراوە لە تشرینی یەکەمی 2023ـوە زیاتر لە 145 رۆژنامەڤان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە غەززە کوژراون، کە 35ـیان لەکاتی کارکردن دابووە.
لەدوای غەززە، پاکستان مەترسیدارترین وڵات بووە بۆ رۆژنامەڤانان، تێیدا حەوت رۆژنامەڤان کوژراون. دوای ئەویش بەنگلادیش و مەکسیکن کە هەریەکەیان پێنج رۆژنامەڤانیان تێدا کوژراون.
دەستگیرکردنی رۆژنامەڤانان و زیندانیکردنیان:
لە راپۆرتەکەی پەیامنێرانی بێسنووردا ئەوەش هاتووە، لە کانوونی یەکەمی پارەوە بۆ کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، 550 رۆژنامەڤان دەستگیرکراون، لەکاتێکدا پار 513 رۆژنامەڤان دەستگیرکرابوون.
بەپێی راپۆرتەکە، 124ـیان لە چین، 61ـیان لە میانمار و 41ـیان لە ئیسرائیل دەستگیرکراون.
پەیامنێرانی بێسنوور جەخت لەوەدەکاتەوە؛ ئەمساڵ 55 رۆژنامەڤان بە بارمتە گیراون، کە 25ـیان لە دەستی داعشدان. هەروەها 95 رۆژنامەڤانیش بێسەروشووێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ