رووداو دیجیتاڵ
پەیمانگەیەکی تینک تانکی بەریتانی ئاماری ساڵی رابردووی قوربانیانی سڤیلی بەهۆی جەنگ و ناکۆکییە چەکدارییەکان لە جیهاندا بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، ژمارەی قوربانییان بەهۆی جەنگ و شەڕوپێکدادانەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست 315٪ زیادیکردووە.
پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان (IISS)، کە پەیمانگەیەکی بەریتانییە و بنکەی سەرەکی لە شاری لەندەنە، نوێترین راپۆرتی خۆی لەبارەی کاریگەرییەکانی ناکۆکییە چەکدارییەکان لە 12 مانگی رابردوودا لەسەر دۆخی سەربازیی، مرۆیی و سیاسیی جیهان ئامادە کردووە و بڕیارە لە 12ی کانوونی یەکەم تەواوی راپۆرتەکە بڵاوبکرێتەوە.
بۆ راپۆرتی ئەم ساڵ کە لە 1ی تەممووزی 2023وە بۆ 30ی حوزەیرانی 2024 لەخۆدەگرێت، هەندێک لە زانیارییەکانی نێو راپۆرتەکە بڵاوکراونەتەوە و باس لەوە دەکات، ناکۆکییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەنێوجەرگەی ئەو ناکۆکییە سەربازیانەی جیهانن، بەتایبەت قووڵبوونەوەی بەرەی هاوپەیمانانی رۆژئاوا بەرامبەر بە بەرەی رۆژهەڵات و بەتایبەت بەرەی رووسیا.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئەم ساڵ ژمارەی قوربانییان بەهۆی ناکۆکییە چەکدارییەکانەوە، بەراورد بە ساڵی رابردوو، 37٪ زیادیکردووە، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست 315٪ زیادیکردووە و لەوماوەیەشدا، زیاتر لە 200 هەزار کەس بەهۆی ناکۆکییە سەربازییەکانەوە کوژراون.
لە راپۆرتەکەی پەیمانگەی IISSی بەریتانیادا هاتووە، "بەشێوەیەکی گشتی، بۆ هەر ناکۆکییەک رێژەی قوربانی لەسەدا 17 زیادیکردووە."
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، کە چڕبوونەوەی ناکۆکییەکان بەتایبەتی جەنگی غەززە، قووڵبوونەوەی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، لەگەڵ درێژەکێشانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، لەگەڵ شەڕی نێوخۆی سوودان، پشکی شێری زیادبوونی ژمارەی قوربانییانی تەواوی جیهانن.
بەڵام ئەو راپۆرتە باسی لە ناکۆکییە نوێیەکانی شەش مانگی رابردووی ئەم ساڵی نەکردووە، کە دیارترینیان جەنگی لوبنان و هەروەها هێرشە فراوانەکانی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بوون کە دواجار بووە هۆی رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ی کانووی یەکەمی ئەم ساڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ