40 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاست بێسەروشوێنن
رووداو دیجیتاڵ
بەگوتەی کۆچبەری رزگارکراو، زیاتر لە 40 کۆچبەر لەنزیک دوورگەیەکی ئیتاڵیا لە دەریای نێوەڕاست بێسەروشوێن بوونە و گومان دەکرێت گیانیان لەدەستدابێت؛ ئەمەش دوای ئەوەی بەلەمەکەیان ژێرئاو کەوت. کۆچبەرەکە سێ رۆژ لەنێو ئاودا بووە.
رۆژی چوارشەممە، 11-12-2024، رێکخراوی ناحکومیی (کۆمپاس کۆلێکتیڤ) رایگەیاند، کچێکی تەمەن 11 ساڵەیان لە دەریای نێوەڕاست لەنزیک دوورگەی لامپێدوسای ئیتاڵیا رزگارکردووە، کە سێ رۆژ بوو لەنێو ئاودا بووە و خۆی بە چووپێکەوە گرتووەتەوە.
کچەکە خەڵکی سیرالیۆنی کیشوەری ئەفریقایە، بە رێکخراوەکەی گوتووە، لەگەڵ 44 کۆچبەری دیکە لە شاری سفاقس لە رۆژهەڵاتی تونس دەستیان بە گەشت بەرەو ئاراستەی ئەورووپا کردووە: "بەلەمەکەمان ژێرئاو کەوت و هەموومان کەوتینە نێو ئاو."
ساڵانە چەندین کۆچبەر لە هەوڵی گەیشتن بە ژیانێکی باشتر لە ئەورووپا لە دەریای نێوەڕاست گیان لەدەستدەدەن.
کاتیا تێمپڵ، گوتەبێژی رێکخراوی کۆمپاس کۆلێکتیڤ گوتی، ئەندامانی تیمی فریاگوزاری بە کەشتیی ترۆتامار ئەو کچەیان لەنێو ئاو دۆزیوەتەوە کە "هێلەگێکی سادەی لەبەردا بووە و دوو تایەی چووپی لە قۆڵەکانیدا بووە بۆ ئەوەی نقووم نەبێت. کچەکە کاژێر 4:20ـی بەرەبەیانی چوارشەممە [بەکاتی هەولێر] دۆزراوەتەوە."
بە گوتەی کاتیا: "کچەکە لە تاریکیدا هاواری کردووە و تیمەکەمان گوێیان لێبووە."
کچەکە هەروەها گوتوویەتی، بەهۆی کەشوهەوای نالەبار و شەپۆلی تووند و بەرزی دەریاوە بەلەمەکەیان ژێرئاو کەوتووە. "سەرەتا دوو کەسی دیکەم لەگەڵ بوو، بەڵام دواتر ئاگام لێیان نەما."
تیمی فریاگوزاریی رێکخراوەکە کچەکەیان رادەستی بەرپرسانی کۆچی ئیتاڵیا کردووە لە دوورگەی لامپێدوسا، دوای گەرمبوونەوە و وەرگرتنی چارەسەر، کچەکە توانی رێبکات و قسە بکات.
ماورۆ مارینۆ، ئەو دکتۆرەی پشکنینی بۆ کچەکە کردووە گوتی: "کچەک ئاو و خواردنی پێنەبووە، پلەی گەرمی لەشی تەواو دابەزیبوو، بەڵام ئێستا باشترە."
میدیای ئیتاڵیا رایگەیاند، پۆلیسی دەریا و پاسەوانی کەناری دەستیان بە گەڕان بەدوای 40 کەسەکەی دیکەدا کردووە، بەڵام هێشتا کەسیان نەدۆزیوەتەوە و هیچ جلوبەرگێکیش سەرئاو نەکەوتووە.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) دەڵێت، لەماوەی 10 ساڵدا 30 هەزار و 955 کەس لە هەوڵی پەڕینەوەی دەریای نێوەڕاست، گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، تەنیا لە ساڵی 2024، لانیکەم 63 هەزار کۆچبەر روویان لە ئیتاڵیا کردووە.