کوردێک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی بولگاریاوە کردنەوەی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی پاتری رادەگەیێنێت

12-12-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کوردێک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی بولگاریاوە لەگەڵ سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە و بڕیاردرا کارگەیەکی بەرهەمهێنان لەو وڵاتە بکاتەوە.
 
ئەمڕۆ (سێشەممە 12-12-2023) نیکۆلای دێنکۆڤ، سەرۆکوەزیرانی بولگاریا دوای کۆبوونەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ نووشین عومەر، سەرۆکی گرووپی ئاڤێستا بۆ ئەندازیاریی وزە و پاتری کە هاوکات پرۆفیسۆرێکی کوردە رایگەیاند، کۆمپانیایەکی بەلجیکی نیازی وەبەرهێنانی بە بڕی ملیارێک و 100 ملیۆن یۆرۆ لە وڵاتەکەیاندا هەیە.
 
ئەو کۆمپانیایە ناوی گرووپی ئاڤێستایە بۆ ئەندازیاریی وزە و پاتری، پ. د. نووشین عومەر، کە کوردێکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە، سەرۆکیەتی.
 
نووشین عومەر، سەرۆکی گرووپی (ئاڤێستا باتری و ئەندازیاریی وزە - Avesta Battery & Energy Engineering (ABEE)) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی بولگاریا رایگەیاند، پڕۆژەکە یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی پاتری لە ئەوروپا و پێشبینی کردنەوەی کارگەی سترا زاگۆرا، پلۆڤدیڤ و بورگاس دەکات. 
 
پ. د. نووشین دەڵێت، ئەمە تەنیا وەبەرهێنان نییە، بەڵکو پابەندبوونە بە بولگاریا، دەرکەوتەی دەرفەتی هاوئاهەنگیی نێوان کەرتی تایبەت و گشتییە.
 
نووشین باس لەوەش دەکات، بولگاریا گرنگییەکی ستراتیژی بۆ کۆمپانیاکەیان هەیە. بەشداریکردنی بولگاریا لە کۆمەڵەی بەرهەمهێنانی پاتری ئەوروپی، پەیوەندییەکی سەرەکی هەیە، ئەمەش یارمەتی کۆمپانیاکەی داوە بڕیار لەبارەی وەبەرهێنانەکەدا بدات.
 
ئەو پرۆفیسۆرە کوردە باسی لەوەشکرد، کۆمپانیای ABEE بەرهەمی کوالێتی بەرز بەرهەمدەهێنێت و شوێنپێی کاربۆن کەمدەکاتەوە. 
 
ئاماژەی بەوەشکرد، وەک قۆناخی یەکەم، دامەزراوەیەکی بەرهەمهێنان لە ستار زاگۆرا دادەنرێت. کارگەی بورگاس ساڵانە 50 هەزار تۆن پاتری پرۆسێس دەکات. 
 
ئەو بەڕێوەبەرە باس لەوەشدەکات، کارگەکە گەورەترین کارگەی جۆری خۆی دەبێت لە وڵاتانی بەڵکان. ئەم تەکنەلۆژیایە رێگەدەدات بە دەرهێنانی کەرەستەی خاوی بەنرخ لە دووبارە بەکارهێنانەوەوە، ئەمەش بەشێکی زۆر گرنگی دیدگەی کۆمیسیۆنی ئەوروپایە. 
 
پ. د. نووشین عومەر کە هاوکات وەکو نوێنەری کۆمپانیاکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی بولگاریا بوو، ئاماژەی بەوەدا، ئەوان پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ کۆمەڵگەی ناوخۆیی دەهێڵنەوە لە رێگەی دروستکردنی هەلی دامەزراندن و راهێنان بۆ کارمەندەکان.
 
باسی لەوەش کرد ئامانجی ABEE دروستکردنی گەورەترین سەنتەری توێژینەوەی پاترییە لە ئەوروپا، کە بولگاریا دەخاتە سەر نەخشەی داهێنان. 
 
نووشین گوتیشی "ئەمە وەبەرهێنانە لە پیشەسازی پاتریدا و، پابەندبوون لەم کەرتە داهێنەرەدا زیاد دەکات...وەبەرهێنانی کۆمپانیاکە تەنها کارێکی بازرگانی نییە، بەڵکو هاوبەشیکردنە لەگەڵ حکومەت و خەڵکی بولگاریا."
 
نیکۆلای دێنکۆڤ، سەرۆکوەزیرانی بولگاریا دەڵێت "ئەم کۆبوونەوەیە بۆ پێشکەشکردنی مەبەستێکی نوێ و تاڕادەیەک گەورە بوو لەلایەن کۆمپانیای بەلجیکی Avesta Battery & Energy Engineering (ABEE). مەبەستێکە بۆ بەرهەمهێنانی نەوەی نوێی پاتری لیتیۆمی ئایۆنی وشک-سۆلید ستەیت، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە پیشەسازیی ئۆتۆمبێلدا بەکاردەهێنرێت."
 
سەرۆکوەزیرانی بولگاریا دەشڵێت، بە پشتبەستن بە جێبەجێبوونی وەبەرهێنانەکە، مەبەستیانە لە سێ بۆ پێنج ساڵی داهاتوودا قەبارەی وەبەرهێنانەکە بگەیێننە ملیارێک و 100 ملیۆن یۆرۆ.
 
بە گوتەی سەرۆکوەزیران، جێبەجێکردنی وەبەرهێنانێکی لەو شێوەیە بۆ بولگاریا جێگەی سەرنجی ستراتیژییە. دڵنیاییشی دا کە هیچ مادەیەکی ژەهراوی لە جێبەجێکردنی ئەم وەبەرهێنانەدا بەکارناهێنرێت، وەک چۆن لە بەرهەمهێنانی هەندێک جۆری دیکەی پاتریدا هەن.
 
بەگوتەی سەرۆکوەزیرانی بولگاریا، پلانی وەبەرهێنانەکە سێ بەشی جیاواز لەخۆدەگرێت؛ "یەکێکیان بنکەیەکی توێژینەوە و پەرەپێدانە، کە بڕیارە لە پلۆڤدیڤ دروست بکرێت. دووەمیان کارگەیەکی بەرهەمهێنانی پاتری لیتیۆم ئایۆنە، کە بڕیارە لە ستار زاگۆرا بێت. بەتایبەتی دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە ئەم شوێنە ستراتیژییە بۆی".
 
دێنکۆڤ گوتیشی، "پێکهاتەی سێیەم پەیوەندی بە ئەگەری دەرهێنانی کانزاکانەوە هەیە، کە دواتر دەتوانرێت بخرێتەوە نێو بەرهەمهێنانی پاترییەکانەوە، بۆیە باس لە ئابووریی بازنەیی دەکەین. سێ پێکهاتەکە تەواوکەری یەکترن."
 
سەرۆکوەزیرانی بولگاریا دەشڵێت، بڕیارە نزیکەی هەزار کرێکاری بولگاری بۆ جێبەجێکردنی ئەو وەبەرهێنانە دابمەزرێنن. 
 
نووشین عومەری تەمەن 41 ساڵ، کە پلەی پرۆفیسۆرە و مامۆستای زانستی سیستەمی پاراستنی وزەیە، چەند پڕۆژەیەکی لە ئەوروپا راگەیاندووە.
 
هەفتەی رابردوو گیگا فاکتۆری، ناوەندی لێکۆڵینەوە و نووسینگەی سەرەکیی گرووپی کۆمپانیاکانی ئاڤێستا بۆ بەرهەمهێنانی پاتریی وشک و رەق لە شاری ئینۆڤا لە هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکای کردەوە. 
 
یان یامبۆن، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا لەو بارەیەوە لە گوتارێکدا گوتی، "ئەی بی ئی، رۆڵێکی گرنگ لەو بوارەدا دەبینێت، ئەوەش گرنگە بۆ بەردەوامی لە پیشەسازیی پاتری و گرنگیشە بۆ کەمکردنەوەی وزەی بەفیڕۆدراو؛ حکومەتی فلاندەرز پێیوایە نوێکاری و داهێنان کاریگەرترین قەڵخانە دژ بە شۆکە ئابوورییەکان. باوەڕێک کە لە نەوەی سەرەتاییەوە تاوەکو پراکتیزە داهێنەرەکان دەپارێزرێت، ئێمە لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکاندا لەگەڵ فڵاندەرس تێکنۆلۆجی ئینتەرناشناڵ کارمان لەسەر ئامێری نیمچەگەیەنەر کرد؛ لە ساڵی 2023 ئێمە دەبینە پێشەنگی پیشەسازیی دروستکردنی پاتری."
 
بە کردنەوەی ناوەندەکە و کۆمپانیاکەش بۆ نووشین و خانەوادەکەی کە خەڵکی قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانن، پێش 30 ساڵ گەیشتوونەتە بەلجیکا و لەوێ دەژین، وەک خۆی دەڵێت "خەونەکەی هێناوەتە دی، بەڵام خەونە گەورەکەی ئەوەیە کە رۆژێک بێت لەسەر خاکی کوردستان ئەو پاتریانە بەرهەمبهێنێت."
 
د. نووشین عومەر دەڵێت، "پرۆژەیەکمان هەیە بە ناوی کورد ڤۆڵتس و دەمانەوێ لە کوردستان دایبمەزرێنین، بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوەی پێویست ماون، هەروەها پێویستیمان بە هەماهەنگی و رێپێدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، چاومان لەوەیە رۆڵی پاتریی وشک و وزەی پاک لە کوردستان زیاتر بکەین و دواڕۆژ دەکەوێتە سەر ئەو وزە و پاترییە و دڵنیاین کوردستان پێویستی زۆری پێدەبێت، چونکە شوێنگرەوەیەکی باشی پترۆڵە و ژینگەیەکی پاکیش دەڕەخسێنێت." 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا