بەرپرسانی چین: هێشتا ئاڵنگاریی گەورەی ئابووریمان لەپێشە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک و گەورە بەرپرسانی چین لە کۆبوونەوەی لووتکەی ئابووریی وڵاتەکەیان گوتیان "ئاستەنگ و ئاڵنگاریی گەورە" لەبەردەم بووژانەوەی وڵاتەکەیاندایە. 
 
ئەمڕۆ (سێشەممە، 12-12-2023) کۆبوونەوەی لووتکەی ساڵانەی گەورە بڕیاربەدەستانی چین بە ناوی کۆنفرانسی کاری ئابووریی ناوەندی کۆتاییهات کە دوو رۆژی خایاند. کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە چین رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاریی بووەتەوە؛ هەر لە کەمبوونەوەی خواستی بەکاربەرانەوە تاوەکو قەیرانی قەرزی خانووبەرە.
 
بەپێی میدیای فەرمیی چین، گەورە بەرپرسانی وڵاتەکە، لەنێویشیاندا شی جینگ پینگ، سەرۆکی وڵات رایانگەیاندووە، "چین دەبێت هێشتا بەسەر چەندین ئاستەنگ و ئاڵنگاریدا زاڵ بێت تاوەکو زیاتر ئابوورییەکەی ببووژێتەوە."
 
هەر لەو کۆنفرانسەدا، بەرپرسانی باڵا باسیان لەوەش کردووە، سەرەڕای ئاستەنگەکان، ئابووریی چین تاڕادەیەک بووژاوەتەوە. گەشبینیشن بەوەی "هێشتا دۆخەکە زیاتر لە بەرژەوەندیی پێشکەوتنی ئابووریی وڵاتەکەیانە."
 
میدیای چین لە زاری سەرۆکی چینەوە بڵاویکردووەتەوە، "ئاراستەی بنەڕەتیی بووژانەوەی ئابووری و ئاسۆی درێژخایەنی ئەرێنییان هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە."
 
هەفتەی رابردوو، شی جینگ پینگ هۆشداری دابوو لەوەی بووژانەوەی ئابووریی وڵاتەکەی "لە قۆناخێکی هەستیاردایە" و، فەرمانی دا چەندین رێوشوێن بگیرێنەبەر بۆ بووژانەوەی خواست و کەمکردنەوەی مەترسییەکان.
 
لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا و بۆ یەکەمجار دوای حەوت مانگ، هەناردەی کاڵا لە چینەوە بۆ وڵاتانی دیکە بەرزبووەوە؛ کاتێک لەو مانگەدا وڵاتەکە بە بەهای 291 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردە کرد.
 
هەناردەی کاڵای چینی کە پێوەرێکی گەورەی گەشەی ئابووریی وڵاتەکەیە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە بەهۆی سیاسەتی بنەبڕکردنی کۆڤید-19ـەوە پاشەکشەی گەورەی تۆمارکردووە. 
 
سەرەڕای زیادبوونی هەناردە، بەڵام لە بەرامبەردا لە مانگی رابردوو هاوردەی کاڵا لە وڵاتانی دیکەوە بۆ چین کەمبووەتەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ لاوازیی خواستی بەکاربەران لەو وڵاتە.
 
هاوکات ئاژانسی پلەبەندی ئابووری (موودیز) رۆژی دووشەممە 4-12-2023 پلەی متمانە بە قەرزەکانی چینی بەهۆی قەیرانی خانووبەرەی ئەو وڵاتە دابەزاند. بەو هۆیەوە نیگەرانی دروستبووە لەسەر رەوشی ئابووریی چین و کەمبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەلایەن ئەو وڵاتەوە.
 
قەیرانی سێکتەری خانووبەرە ئاڵنگارییەکی دیکەی ئابووریی چینە؛ ئەو سێکتەرە تووشی قەیرانێکی قووڵی قەرزەکان بووەتەوە، بەشێک لە گەورە کۆمپانیاکانی بوارەکەش لەو وڵاتە ملیاران دۆلار قەرزارن و مەترسیی داخستنیان لەسەرە.