رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسای هەموارکراوی دیپۆرتکردنی پەناخوازان لە بەریتانیاوە بۆ رواندا کە یەکێکە لە ئامانجەکانی ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پەسند کرد.
رۆژی سێشەممە، 12ی کانوونی یەکەمی 2023، پەرلەمانی بەریتانیا لە دانیشتنێکی تایبەتدا، دەنگی بە پڕۆژەیاسای هەموارکراوی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ رواندا دا.
بەگوێرەی دوا ئاماری دەنگدانەکە، 313 ئەندام پەرلەمان دەنگیان بە پڕۆژەیاساکە دا و 269 پەرلەمانتاریش پڕۆژەیاساکەیان رەتکردەوە، بەمەش بە جیاوازی 44 دەنگ پڕۆژەیاساکە پەسند کرا.
بەگوێرەی ئەو پڕۆژەیاسایە، هەر کۆچبەرێک بە نایاسایی بچێتە نێو بەریتانیاوە، مەترسی دیپۆرتکردنی بۆ ئەو وڵاتە ئەفریقییە لەسەرە.
لایەنگرانی حکومەت و پڕۆژەیاساکە دەڵێن، ئامانج لە بەرنامەی رواندا ئەوەیە، تاوەکو کۆچبەران سارد بکەنەوە لەوەی رێگەی پڕ مەترسی نۆکەندی ئینگلیز بگرنەبەر و بە بەلەمی بچووک لە فەرەنساوە بەنایاسایی بچنە بەریتانیا.
رۆژی 15ی تشرینی دووەمی 2023، دادگەی باڵای بەریتانیا لەسەر بەرنامەی حکومەت بۆ دیپۆرتکردنی کۆچبەران بۆ رواندا بڕیاریدا و بە نایاسایی لە قەڵەمیدا و رایگەیاند، "دڵنیا نین لەوەی کۆچبەران لە روانداوە بەرەو وڵاتی بنەڕەتیی خۆیان رەوانە ناکرێنەوە، یان ناچار نابن کە بگەڕێنەوە، بەوەش تووشی ئازاردان و مامەڵەی نامرۆڤانە دەبنەوە."
لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی سووناک و دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە 25ی تشرینی دووەمی 2022، ئەو چەندینجار رایگەیاندووە چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی و بۆ ئەو مەبەستەش سووربوونی خۆی دووپاتکردووەتەوە لە جێبەجێکردنی بەرنامەی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بۆ رواندا. بەڵام سەرەڕای بڕیارەکەی دادگەی باڵا و بۆ ئەو مەبەستەش، پڕۆژەیاساکەیان هەموارکردەوە بەهیوای ئەمجارە لەلایەن دادگەوە رەتنەکرێتەوە و پڕۆژەیاساکە بکرێتە یاسا و بەزووترین کات بەرنامەکە جێبەجێ بکەن.
لە یەکەم هەنگاودا، رۆژی 07ی 12ی 2023، رۆبەرت جەنریک، وەزیری کاروباری کۆچبەرانی بەریتانیا، لە بەرامبەر هەموارکردنەوەی پڕۆژەیاساکە، دەستی لەکار کێشایەوە و رایگەیاند، "ئەو پڕۆژەیاسایە زۆر بەهێز نییە و زیاتر هیوا بووە نەک کردار."
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تا 13ی مانگی رابردوو، 27 هەزار و 284 کۆچبەر بە بەلەم خۆیان گەیاندووەتە نێو خاکی بەریتانیا، ئەمەش لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو، زیاتر لە 45 هەزار کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە چووبوونە بەریتانیاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ