لە نەمسا بڕیاری قەدەخەکردنی سەرپۆش لە قوتابخانە سەرەتاییەکان هەڵوەشێنرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
دادگای دەستووریی نەمسا کە گەورەترین دەسەڵاتی دادوەریی وڵاتە، یاسای قەدەخەکردنی سەرپۆشی قوتابییانی سەرەتایی هەڵوەشاندەوە.
کریستۆف گەریبنوۆتەر، سەرۆکی دادگای دەستووریی نەمسا رایگەیاند "ئەوەی پێی دەگوترێت قەدەخەی سەرپۆش لە قوتابخانە سەرەتاییەکان بە بڕیاری دەستووریمان، هەڵوەشێندرایەوە".
بەگوێرەی یاساکە، هەر کچە قوتابییەکی خوار تەمەن 10 ساڵ سەرپۆشی بەسەرەوە بێت، رێگەی پێنادرێت بخوێنێت؛ بڕیارەکەش بووە هۆی ناڕەزایەتیی بەشێك لە خێزانە موسڵمانەکانی ئەو وڵاتە.
دادگای دەستووریی نەمسا بڕیارەکە بە "دژ بە ئازادی و یەکسانیی مرۆڤ" ناودەبات؛ سەرۆکی دادگای دەستووریی نەمسا ئاماژەی بەوەش کرد "ئەم یاسایە کاری لەسەر ئەوە کردووە جۆرە جلوبەرگێكی تایبەت رەتبکاتەوە و شێوازێکی دیکەی جلوبەرگ بەسەر مرۆڤەکان بسەپێنێت. ئەمە دژ بە ئازادیی مرۆڤەکانە کە لە دەستووردا هاتووە. هەموو کەسێك مافی هەیە چارەنووس و شێوازی ژیانی خۆی بەدەستی خۆی دیاریبکات".
یاسای قەدەخەکردنی سەرپۆش لە قوتابیانی سەرەتایی لە مانگی ئایاری ساڵی 2019 لە پەرلەمانی نەمسا پەسندکرا کە لەلایەن هەردوو هاوپەیمانیی راستڕەوی پارتی گەل و پارتی ئازادی کۆسێرڤاتیڤ پێشنیاز و تێپەRکرا، تەنیا چەند رۆژێك بەر لە هەرەسهێنان و هەڵوەشانەوەی حکومەت بەهۆی گەندەڵییەوە".
هەردوو پارتی راستڕەوی هاوپەیمان هۆشدارییاندایە نەمساوییەکان کە شان بە شانی کۆمەڵگەی راستەقینەی نەمسا، کۆمەڵگەیەکی موسڵمانی هاوتەریب دروستببێت.