رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی سەرۆکی فیفا دەکات، سەردانی هەرێمی کوردستان بکات. بەپێی زانیارییەکانی نێردراوی رووداو، جیانی ئینفانتینۆ ویستی بۆ سەردانیکردنەکە دەربڕیوە.
رۆژی سێشەممە، 12-11-2024، لەچوارچێوەی کۆنفرانسی کۆپ29 کە لە باکوو-ی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) دیداریان هەبوون.
سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداو بۆ کۆنفرانسی کۆپ29 دەڵێت، جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا ویستی بۆ سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.
رۆژی دووشەممە 11-11-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شانبەشانی سەرۆک و سەرکردەی دەیان وڵاتی جیهان، بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان، گەیشتە باکووی پایتەختی ئازەربایجان.
لە یەکەم رۆژدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە و لەلایەن ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجانەوە پێشوازیی لێکرا.
هەر لە پەراوێزی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا دیداری لەگەڵ سەرکردە دیارەکانی جیهان هەبوو.
بەشێک لەو سەرکردە دیارانەی نێچیرڤان بارزانی دیداری لەگەڵیان دا هەبوو بریتین لە: کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا؛ تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا؛ ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ محەممەد بن زاید ئال نهەیان، سەرۆکی ئیمارات؛ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ؛ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و چەندین سەرکردەی دیکە.
رۆژی دووشەممە، 11ـی ئەم مانگە کۆنفرانسەکە دەستیپێکردووە و تاوەکو 22ـی مانگ بەردەوام دەبێت؛ چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوەکو 15ـی مانگ لەوێ بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ