رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی ئازەربایجان وەڵامی نێردراوی رووداوی لە باکوو دایەوە و لەبارەی ئامانجەکانیان لە COP29 گوتی: " زۆریی ژمارەی بەشداربووان بەڵگەیە لەسەر گرنگی کۆنفرانسەکە."
ئەمین ئەمڕولاێیڤ قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "پێموایە ئەمە بۆنەیەکی گرنگە، زۆر خۆشحاڵین بە رێکخستنی ئەم کۆنفرانسە لە ئازەربایجان، زۆری ژمارەی بەشداربووان بەڵگەیە لەسەر گرنگی کۆنفرانسەکە. ئەمە دەرفەتێكە بۆ گۆڕینەوەی راوبۆچوونە جیاجیاکان لەسەر پرسێكی گرنگ و سەرەکی کە گۆڕانی کەشوهەوایە."
ئەمین ئەمڕۆلاێیڤ گوتیشی: "وەزیرانی پەروەردەی وڵاتانی بەشداربوو لێرەن بۆ تاوتوێکردنی ئاڵنگارییەکانی ئەم پرۆسەیە، کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی و باشمان لەگەڵ وەزیرانی پەروەردەدا کرد و چاوەڕێ دەکەین بە درێژایی رۆژانی کۆنفرانسەکە گفتوگۆکانمان بەردەوام بن".
نێردراوی رووداو لە وەزیرەکەی ئازەربایجانی پرسی: گۆڕانی کەشوهەوا چ کاریگەرییەکی بۆسەر پەروەردە لە جیهان هەیە؟ ئەمین ئەمڕۆلاێیڤ لە وەڵامدا گوتی: "گاریگەری لەسەر پەروەردەی ئێمە جێنەهێشتووە، وەک دەزانی هەر وڵاتێك رەوشێكی تایبەت بە خۆی هەیە و دەکرێت کاریگەرییەکان جیاواز بن. بەڵام ئێمە باوەڕمان وایە پەروەردە دەتوانێت رۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک و ئاگادارکردنەوەیان لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا."
ئەمین ئەمڕۆلاێیڤ باسی کاریگەری پەروەردەکردنی نەوەی نوێی کرد لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا و رایگەیاند: "فێرکردنی نەوەی نوێ گرنگە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە ئێستا رووبەڕوومان دەبنەوە."
رۆژی دووشەممە، 11ـی ئەم مانگە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا لە باکوو دەستیپێکرد و تاوەکو 22ـی مانگ بەردەوام دەبێت.
بەیانیی رۆژی سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا لە باکووی پایتەختی ئازەربایجان و چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو 15ـی مانگ لەوێ بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ