وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان بۆ رووداو: لە COP29 دا 60 بەڵگەنامە پەسند دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان دەڵێت، رای جیاواز لەنێوان بەشدارانی کۆنفرانسی کۆپ29 هەن، بەڵام لایەنەکان رژد و جیدیین، چاوەڕێی ئەنجامی ئەرێنی دەکەن، گوتیشی: "چاوەڕێ دەکرێت لە کۆنفرانسەکە لانیکەم 60 بەڵگەنامە پەسەند بکرێن."
جەیهون بایرامۆڤ، وەزیری دەرەوەی ئارەزبایجان لە وەڵامی پرسیاری نێردراوی رووداو لە باکووی پایتەختی ئەو وڵاتە لەبارەی کۆنفرانسی کەشوهەوا COP29 گوتی: "لەم کۆنفرانسە چاوەڕێی شتی ئەرێنی دەکەین، وەک دەزانن ئازەربایجان لە یەکەم رۆژەوە تێکەڵ بەم پرۆسە پڕ ئاڵنگارییە بووە، پێچەوانەی وڵاتانی دیکە کە دوو ساڵ دەرفەتیان هەبوو ئامادەکاری بکەن ئێمە تەنیا 11 مانگمان لەبەر دەستبوو بۆ ئامادەکردنی ئەم کۆنفرانسە."
بایرامۆڤ گوتی: "ئەوەی لە توانامان بووە کردوومانە تاوەکو هەڵوێستی لایەنەکان لە یەکدی نزیک بکەینەوە و دابینکردنی ئەم سەکۆیە لە پێناو گەیشتن بە ئەنجامی گرنگ لەم کۆنفرانسە، ئێمە هێشتا لە رۆژی دووەمی کۆنفرانسەکەداین و گەشبینین و ئەنجامی یەکەم رۆژی کۆنفرانسەکەش ئەرێنی بوو."
ئەو وەزیرەی ئازەربایجان ئاماژەی بەوەشکرد، "وەک دەزانن دوێنێ لە دوای زیاتر لە 20 کاژێر لە گفتوگۆکردن، توانرا لەسەر ئەجیندای کۆنفرانسەکە رێکبکەون و پەسەندیش کرا، جگە لەوە هەر لە یەکەم رۆژدا دەستکەوتێكی گرنگی دیکەشمان هەبوو کە بریتییە لە رێککەوتن لەسەر بڕگەی شەش پۆینت چواری تایبەت بە رێککەوتنی پاریس کە هەموومان دەزانین ئەو بڕگەیە چەند ساڵێک بوو گفتوگۆیان لە بارەوە دەکرد. بە گشتی چاوەڕێ دەکرێت لە کۆپ29، لانیکەم 60 بڵگەنامە پەسەند بکرێن".
بایرامۆڤ هەرچەندە دان بەوەدا دەنێت کە رای جیاواز لەنێوان بەشدارانی کۆنفرانسەکەدا هەیە، بەڵام دەڵێت: "ئەوەی کە ئێمە دەیبینین و پێشبینی دەکەین ئەوەیە کە گفتوگۆی زیاتر بکرێت، وەک دەزانن چەندین کۆبوونەوە و گفتوگۆ هێشتا ماون بکرێن، بەر لە کۆنفرانسەکەش گفتوگۆکراون و هەڵوێستی لایەنە جیاجیاکان تاڕادەیەکی زۆر زانراوە، بەڵام هێشتا جیاوازی بیروبۆچوون هەیە، بەڵام دەشبینین کە هەموو لایەنێك رژد و جیدییە؛ ئەمە ئەوە دەگەیێنێت هەموو لایەنە گرنگەکان لەم پرۆسەیەدا هەست بە بەرپرسیارێتی خۆیان دەکەن، بۆیە ئێمە گەشبینین".
رۆژی دووشەممە، 11ـی ئەم مانگە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا لە باکوو دەستیپێکرد و تاوەکو 22ـی مانگ بەردەوام دەبێت.
بەیانیی رۆژی سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا لە باکووی پایتەختی ئازەربایجان و چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو 15ـی مانگ لەوێ بێت.