رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ژمارەیەک ئەندامی نوێی کابینەکەی دیاریکرد. چاوەڕێدەکرێت مارکۆ روبیۆ، بکرێتە وەزیری دەرەوە. هەروەها مایكڵ وۆڵتز، ئەندامی کۆنگرێس دانراوە ببێتە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش.
وۆڵتز و روبیۆ، هەردووکیان تێڕوانینی تووندنیان بەرامبەر چین هەیە و بە هەڕەشە و رکابەر بۆ هێزی ئابووری و سەربازیی ئەمریکای دەبینن.
دوو دەستنیشانکراوەکە خەڵکی فلۆریدان و ئەندازایاری سەرەکیی سیاسەتی "ئەمریکا پێش هەموو شتێک"ی دۆناڵد ترەمپ دەبن، لە کاتێکدا سەرۆکی هەڵبژێردراو بەڵێنی داوە کۆتایی بە جەنگەکانی ئۆکراینا، غەززە و لوبنان بێنێت و نەهێڵێت چیدیکە سوپای ئەمریکا خۆی بە دەرەوەوە سەرقاڵ بکات.
سەرۆکە کۆمارییە 78 ساڵانەکە پەیمانی داوە، لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا حکومەتی فیدراڵی سەرتاپای هەڵتەکێنێت و گوڕانکاریی ریشەیی بکات.
رۆژی دووشەممە، ترەمپ رایگەیاند، تۆم هۆمان، بەرپرسی کاروباری کۆچبەران، دەکات بە "قەیسەری پاراستنی سنوور"، بۆ ئەوەی بەڵێنی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵی کۆچبەرانی نایاسایی بەجێبگەیێنێت.
میدیای ئەمریکی هەروەها باس لەوە دەکات کە ستیڤن میلەر، ئەو کەسەی بە داڕێژەری سیاسەتی "قەدەخەکردنی موسڵمانان" دادەنرێت، کە ترەمپ لە خوولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا جێبەجێیکرد، دەبێتە جێگری سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک، یاخود نووسینگەی کاروباری کۆشکی سپی.
ئێلیز ستێفانیک، ئەندامی کۆنگرێس، داکۆکیکاری سەرسەختی ئیسرائیل، لە لایەن ترەمپەوە بە باڵیۆزی ئەمریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشانکراوە.
لی زێلدن، هاوپەیمانی لەمێژینەی سیاسیی ترەمپ، دەبێتە سەرۆکی ئاژانسی پاراستنی ژینگە و ئەرکی ئەوەی پێدەدرێت رێکار و یاساکانی تایبەت بە کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە و پاراستنی کەشوهەوا کەمبکاتەوە.
رکابەری دوێنێ؛ دۆست بۆ پۆستی ئەمڕۆ
بەربژێرانی پۆستە سەرەکییەکان، لە نێویاندا ستێفانیک، زێڵدن و وەزیری دەرەوە، پێویستە لە لایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە پەسەند بکرێن، بەڵام ترەمپ دەیەوێت بەسەر ئەو بەربەستەدا بازبدات لە کاتی پشووی ئەنجوومەنی پیراندا دەستنیشانیان بکات. بەڵام دەستنیشانکردنەکە کاتی دەبێت. دوای دەستپێکردنی وەرزی داهاتووی ئەنجوومەنەکە، پێویستە پەسەندبکرێن، ئەگەر نا، پۆستەکانیان پووچەڵدەبنەوە.
ترەمپ هێشتا سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانی دەستنیشان نەکردووە. سێ سیناتۆر رکابەرایەتیی بەدەستهێنانی رەزامەندیی سەرۆکی هەڵبژێردراو دەکەن. ئەویش بڕیاریداوە، هەر کەسێک بیەوێت ببێتە سەرکردەی ئەنجوومەنی پیران، "پێویستە رازیبێت" بە پەسەندکردنی ئەو بەربژێرانەی لە کاتی پشوودا ترەمپ دەستنیشانیان دەکات.
سێ سیناتۆرەکە هەر زوو رایانگەیاند، پشتیوانی لەو هەنگاوەی ترەمپ دەکەن.
ترەمپ بەوە ناسراوە کە پلە و پێگە تەنیا بەو کەسانە دەدات کە دڵسۆزیی تەواویان بۆی هەیە. هەموو ئەوانەی تاوەکو ئێستا دەستنیشانیکردوون، ئەوانەن کە بەرگرییان لێی کردووە و دەست لەسەر سنگ ئەشهەدوبیلایان بۆ قسەکانی لەسەر ساختەکاریی هەڵبژاردنی ساڵی 2020 کردووە، وێڕای ئەوەی ترەمپ نەیتوانیوە لە هیچ دادگەیەک بیسەلێمێنێت کە ساختەکاری کراوە.
دەستنیشانکردنی روبیۆ لە لایەن ترەمپەوە، بە واتەی گۆڕانی سەرلەبەری پەیوەندیی نێوانیان دێت، چونکە پێشتر نێوانیان دڕکاوی بوو.
ساڵی 2016، کاتێک هەردووکیان رکابەرایەتییان دەکرد لەسەر ئەوەی کێ دەبێتە بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی؛ روبیۆ، ترەمپی بە "وەستای درۆ و تەڵەکە" و "دەمپیسترین کەس" وەسفکرد.
روبیۆ کە بە رەچەلەک کووبییە، سەرەتای بەناوبانگبوونی لە سیاسەتی دەرەوەدا، بە دژایەتیکردنی سەرسەختانەی کووبای وڵاتی باوباپیرانی و هاوپەیمانییە چەپەکانی ئەمریکای لاتین، دەستیپێکرد.
لەو کاتەشەوە بووەتە زمانزبرترین سیناتۆر لە دژی چین و هەوڵیداوە نەهێڵێت کۆمپانیا چینییەکان بە ئاسانی لە ئەمریکا کاربکەن. هەروەها سەرکردایەتیی چەندین هەوڵی کۆنگرێس کردووە بۆ ئەوەی بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و چەوسادنەوەی موسڵمانانی ئیگۆر، چین سزا بدات.
روبیو هەروەها داوای زیادکردنی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەکات، بیانووی ئەوەشی، بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانە.
"قەیسەری پاراستنی سنوور" هۆمان، لە سەردەمی ئیدارەی یەکەمی ترەمپدا بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆچبەران و گومرگی ئەمریکا بوو. ئەویش بەرگریکاری سەرسەختی سیاسەتی "مەزنکردنەوەی ئەمریکا"یە.
ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵدا دەڵێت: "ماوەیەکی زۆرە تۆم هۆمان دەناسم. هیچ کەس لەو باشتر نییە بۆ پاسەوانیکردن و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانمان،" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، هۆمان بەرپرس دەبێت لە "دیپۆرتکردنەوەی هەموو بیانییەکان بۆ وڵاتە رەسەنەکانیان."
ترەمپ بەڵێنی داوە دەستبکات بە گەورەترین هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی یاسایی لە مێژووی ئەمریکا دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ