سەرۆککۆماری عێراق لە کۆپ 29 گوتارێک پێشکێش دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان- کۆپ 29 ئەمڕۆ لە باکووی پایتەختی ئازەربایجان بە فەرمی دەستی بە کارەکانی کرد. هاوکات، ژمارەیەک لە سەرکردە و بەرپرسانی جیهان گوتار پێشکەش دەکەن. سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە کۆنفڕانسەکە دا بەشدارە.
سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداو بۆ باکوو رایگەیاند، سەرۆکی ئازەربایجان و سەرۆککۆماری عێراق و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەنێو ئەو بەرپرسانەدان، کە ئەمڕۆ گوتار پێشکەش دەکەن.
هاوکات، نێچیرڤان بارزانی شان بە شانی سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان بەشدارە لە کۆنفرانسی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە ئەم ساڵ ئازەربایجان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان لە باکوو میوانداریی دەکات.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێش نیوەڕۆ گوتارەکەی پێشکێش دەکات، بەشێک لە گوتارەکەی دەست رووداو کەوتووە؛ لە گوتارەکەیدا گوتێرێز هۆشداری دەدات لەوەی جیهان نزیک دەبێتەوە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەوی بە 1.5 پلە، بۆیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەموو وڵاتان هەموو هەوڵێکیان بدەن بۆ رێگریکردن لەم کارە. جگە لەوەش، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە وڵاتانی بەهێز دەکات پارە بدەن بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی کەمداهات بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
نێردراوی رووداو بۆ باکوو، لەماوەی هەواڵی نوورۆژدا، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات رایگەیاند، شتە سەرنجڕاکێشەکەی COP29 بەشداری حکومەتی تاڵیبانە، کە بە فەرمی بانگهێشتی ئەم کۆنفرانسە کراوە و شاندەکەی بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئاژانسی پاراستنی ژینگە لە باکوو ئەمە یەکەمجارە لە ساڵی 2021ـەوە حکومەتی تاڵیبان بە فەرمی بانگهێشت دەکرێت.
سەبارەت بە چالاکی و کۆبوونەوەکانی شاندی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ COP29، سەنگەر عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەدا، وەک هەموو وڵاتێکی دیکە، شوێنێکی تایبەت بۆ عێراق ئامادەکراوە، کە شاندی عێراق و هەرێمی کوردستان لەوێ بابەتەکانیان، چالاکییەکانیان، پانێڵ و توێژینەوەکان دەخەنە ڕوو.
لە ئەمڕۆوە تاوەکو 22-11-2024، 29یەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا ناسراو بە کۆپ29 لە ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت؛ چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوەکو 15ـی مانگ لەوێ بێت.