سەرۆکوەزیرانی جۆرجیا بۆ رووداو: پابەندی بەدەستهێنانی ئامانجەکانی تایبەت بە کەشوهەواین

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی جۆرجیا رایگەیاند، ئامانجی دوورمەودای تایبەت بە کەشوهەوایان هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد، پابەندی هەموو ئەو ئامانجانە دەبن لە لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا لە ئازەربایجان بڕیاریان لەسەر دەدرێت.
 
رۆژی سێشەممە 12ی تشرینی دووەمی 2024 ئیراکلی کۆباخیدزێ، سەرۆکوەزیرانی جۆرجیا لە باکووی پایتەختی ئازەربایجان لەبارەی کۆنفرانسی کۆپ 29 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە لووتکەکەدا باس لەبارەی پرسە زۆر گرنگەکان و ئاڵنگارییەکان دەکرێت؛ هەروەها باس لە دۆخی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا دەکرێت."
 
سەبارەت بە پابەندیی جۆرجیا بەو بڕیارانەی کە لە بارەی کەشوهەوا دەدرێن، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە گوتی، "بەدڵنیاییەوە چەندین ئامانجی دوورمەودا هەن. دەبێت بەردەوام بین بۆ ئەوەی ئەو ئامانجانە بەدەستبهێنین. وڵاتەکەم پابەندی بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانەیە و ئامادەی هاوئاهەنگیکردنین."
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە "چۆن جۆرجیا رێگە لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەگرێت؟"، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە گوتی، "ستراتیژی زۆر روون و دوورمەودامان هەیە. جۆرجیا یەکێکە لەو چەند وڵاتەی کە مافە ژینگەییەکانی لە دەستووردا جێکردووەتەوە. یاساکانمان [یاساکانی تایبەت بە کەشوهەوا] هاوتای یاساکانی یەکێتی ئەورووپا دەکەین و ستانداردەکانمانیش هاوشێوەی ئەوان لێدەکەین."
 
کۆنفرانسی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا (COP29) رۆژی دووشەممە لە باکوو دەستیپێکرد و تاوەکو 22 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
 
دەقی پرسیار پرسیاری رووداو و وەڵامی سەرۆکوەزیرانی جۆرجیا:
 
رووداو: بەڕێز سەرۆکوەزیران پێشبینیت بۆ لووتکەی کەشوهەوای ئەم ساڵ چییە؟
 
ئیراکلی کۆباخیدزێ: زۆر دڵخۆشم کە لە باکوو، کە دۆستمانە، بەشداری لە کۆپ 29 دەکەم. لە لووتکەکەدا باس لەبارەی پرسە زۆر گرنگەکان و ئاڵنگارییەکان دەکرێت، هەروەها باس لە دۆخی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا دەکرێت. بەدڵنیاییەوە چەندین ئامانجی دوورمەودا هەن. دەبێت بەردەوام بین بۆ ئەوەی ئەو ئامانجانە بەدەستبهێنین. وڵاتەکەم پابەندی بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانەیە و ئامادەی هاوئاهەنگیکردنین و بەدڵنیایشەوە بەشداریمان لەم کۆنفرانسە زۆر گرنگە.
 
رووداو: چیتان کردووە بۆ ئەوەی رێگە لە گۆڕانی کەشوهەوا لە وڵاتەکەتان بگرن؟
 
ئیراکلی کۆباخیدزێ: ستراتیژی زۆر روون و دوورمەودامان هەیە. جۆرجیا یەکێکە لەو چەند وڵاتەی کە مافە ژینگەییەکانی لە دەستووردا جێکردووەتەوە، هەروەها سیاسەتی ئێمە بەردوامییە و ئێمە یاساکانمان [یاساکانی تایبەت بە کەشوهەوا] هاوتای یاساکانی یەکێتی ئەورووپا دەکەین و ستانداردەکانیشمان هاوشێوەی ئەوان لێدەکەین، لەکۆتایدا سیاسەتی ئێمە بەردەوامییە و ئێمە لەگەڵ هاوبەشەکانمان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی سیاسەتەکانمان زیاتر لەوبارەیەوە بەردەوام بێت. 
 
رووداو: گەشبینی بەوەی کە لەم لووتکەیەدا هەموو وڵاتەکان رازی بن بەوەی لەرووی داراییەوە هاوکاری ئەو وڵاتە هەژارانە بکەن کە کاریگەری کەشوهەوایان لەسەر بووە؟
 
ئیراکلی کۆباخیدزێ: پێم وایە کە بەگشتی لەم کۆنفرانسەدا هەندێک رێککەوتنی هاوبەشی بەرجەستەکراو دەکرێن، هەروەها ئێمەش ئامادەین بۆ ئەوەی بەشداری لەو رێککەوتنانەدا بکەین.