نێچیرڤان بارزانی لە ئازەربایجان لەگەڵ سەرکردەی چەندین وڵات بیروڕای ئاڵوگۆڕ کرد

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری باکووی پایتەختی ئازەربایجان لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان؛ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات؛ کەیر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و چەندین سەرکردەی دیکە دیداری هەبوو.
 
نیاز ساڵح، بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی بۆ رووماڵی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە کۆپ 29 گوت، "کۆبوونەوەکان سوودبەخش بوون و گرنگ بوون بۆ ئەوەی (نێچیرڤان بارزانی) تێڕوانینی کوردستان لەسەر چەند پرسێکی گرنگ بخاتەڕوو؛ هەروەها باسی پێشهاتەکانی ناوچەکە بکات". 
 
نێچیرڤان بارزانی هەر لە باکوو دیداری لەگەڵ سەرۆکی فیفا هەبوو.
 
نیاز ساڵح گوتی، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکی فیفای راگەیاند، خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان وەرزشدۆستن، بەتایبەتی تۆپی پێ؛ هەروەها سەرۆکی فیفای بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا و هەرێمی کوردستان بکات و ئەویش ویستی دەربڕی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات".
 
نێچیرڤان بارزانی رۆژی دووشەممە، 11-11-2024 بە بانگهێشتی ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان چووە باکوو بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆپ 29.
 
رووداو: ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی کورتی لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتان هەبوو. ئایا لەو کۆبوونەوانەدا باسی چی کرا؟
 
نیاز ساڵح: خۆی بەشداربوون لەم کۆنفرانسانە شتێکی باشە کە ببێتە نەریتێکی بەردەوام؛ پاریش جەنابیان و جەنابی سەرۆکوەزیران لە ئیمارات بەشدارییان لەو کۆنفرانسەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد. لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکانی دیکەشدا ئامادەییمان هەیە کە ئەمە پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەردەخات و شتێکی زۆر باشە، بەردەوامیش دەبێت. لەبارەی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ، بێگومان ئەو کۆنفرانسە گەورانە دەرفەتی باشن بۆ ئەوەی سەرکردەی وڵاتان دیدار و کۆبوونەوە بکەن. جەنابی سەرۆکی هەرێم ئەمڕۆ دەرفەتێکی زۆر باشی هەبوو کە لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و هەندێک سەرکردەی دیکە کۆبوونەوەی کورتی سازدا، بەڵام کۆبوونەوەکان سوودبەخش بوون. ئەمە گرنگ بوو بۆ ئەوەی تێڕوانینی کوردستان لەسەر چەند پرسێکی گرنگ بخاتەڕوو، هەروەها باسی پێشهاتەکانی ناوچەکە بکات. 
 
رووداو: هەروەک دەزانن ئێستا ناوچەکە بە قۆناخێکی سیاسی و سەربازیی سەختدا تێدەپەڕێت. ئایا لەو گفتوگۆیانەدا باسی ئەمانە کرا؟
 
نیاز ساڵح: راستە کۆبوونەوەکان کورت بوون، بەڵام لەو جۆرە دیدارانەدا زیاتر باس لەو بابەتانە دەکرێت، نەوەک بابەتی لاوەکی. ئەوان تێڕوانینیان خستەڕوو و گفتوگۆی باشیش کرا. 
 
رووداو: لەم کۆنفرانسەدا زیاتر جەخت لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا دەکرێتەوە، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی زیاتر کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییەکە. بەشداریی عێراق، لە نێویشیدا هەرێمی کوردستان بە شاندێکی باڵا کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش هاتووە، سوودی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت؟
 
نیاز ساڵح: ئەم کۆنفرانسە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکانە و ساڵی 1995 بۆ یەکەمجار لە بەرلین دەستیپێکرد؛ ساڵانە لەسەر پرسێک دەکرێت کە سنوور ناناسێت. ئەم ساڵ کەشوهەوایە، ئەوە نییە بڵێین وڵاتێک لە کاریگەرییەکانی کەشوهەوا پارێزراو دەبێت یان کاریگەری لەسەر نابێت. بەڵام هەندێک وڵات بێگومان کاریگەریی زیاتریان لەسەرە. بۆ نموونە عێراق، بەداخەوە یەکێک لەو 5 وڵاتەیە کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە. بۆ نموونە، بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، تاوەکو ئێستا 200 هەزار کەس لە نێوخۆی عێراق بەهۆی کاریگەریی کەشوهەوا لە ناوچەکانیان ئاوارە بوون. هەروەها لە بابەتی پیسبوونی ئاو و هەوا، بەداخەوە دیسان عێراق لە ریزبەندی پێشەوەی وڵاتانە. ئینجا لێرەدا هاوکاری و پشتیوانیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی جێگەی باسە. عێراق وەک دەوڵەت، سەختە بتوانێت ئەو کێشانە چارەسەر بکات؛ کێشەی بەبیابانبوون، کێشەی کەم ئاوی، کێشەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما. هەموو ئەوانە هاوکاریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەخوازن بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی بتوانێت رووبەڕووی ئەو کارەساتە ببێتەوە. 
 
رووداو: دواپرسیارم لەسەر یەکێک لە دیدارەکانی سەرۆکی هەرێمە کە جیاواز بوو. ئەو دیدارە لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سیاسەتڤانان نەبوو، بەڵکو لەگەڵ سەرۆکی فیفا بوو. لەو دیدارە کورتەدا باسی چی کرا؟
 
نیاز ساڵح: بێگومان جەنابیشیان وەرزشکارە و چاودێریی وەرزش دەکات و پێشتر لە جامی کەنداویش سەرۆکی فیفای بینیبوو. ئەمڕۆ یەکدیان بینی و بە خۆشحاڵییەوە لەگەڵ سەرۆکی فیفا باسیان لە چەند پرسێکی وەرزشی کرد. سەرۆکی هەرێم بە سەرۆکی فیفای راگەیاند، خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان وەرزشدۆستن، بەتایبەتیش تۆپی پێ. هەروەها سەرۆکی فیفای بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا و هەرێمی کوردستان بکات. 
 
رووداو: واتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمی سەرۆکی فیفای بۆ هەولێر بانگهێشت کرد. 
 
نیاز ساڵح: بەڵێ، ئەویش ویستی دەربڕی کە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و ئەوەی پێویست بێت بیکات.