نێچیرڤان بارزانی لە ئازەربایجانە و کۆپ 29 بەڕێوەدەچێت

12-11-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی گۆڕانی کەشوهەوا لە باکووی پایتەختی ئازەربایجان. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجانەوە پێشوازیی لێکرا. 
 
نێچیرڤان بارزانی شان بە شانی سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان بەشدارە لە کۆنفرانسی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە ئەم ساڵ ئازەربایجان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان لە باکوو میوانداریی دەکات.
 
رۆژی دووشەممە، 11ـی ئەم مانگە کۆنفڕانسەکە دەستیپێکردووە و تاوەکو 22ـی مانگ بەردەوام دەبێت؛ چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوەکو 15ـی مانگ لەوێ بێت.

 

رۆژی دووشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2024، فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی لە باکوو دەرفەتێکی زۆرباشە بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو قسە لەسەر ژینگە و بابەتە هاوشێوەکان بکات.
 
فەلاح مستەفا سەبارەت بە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ باکووی پایتەختی ئازەربایجان و بەشداریکردن لە کۆپ29 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوە دەرفەتێکی باشە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری دەکات. لەو کۆنفرانسەدا باس لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەکرێت، ئایا چۆن ئەو کاریگەرییانە کەمتر دەکرێنەوە. بەشێک لە وڵاتان پشتیوانیی تەواوی پاکڕاگرتنی ژینگە دەکەن؛ بەتایبەتی بابەتەکانی ئاو، کەشوهەوا، پاراستنی دارستانەکان، بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی کەشوهەوا، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و زیادبوونی رووبەری بیابان".
 
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و هەنگاوەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق فەلاح مستەفا باسی لەوە کرد، هەولێر و بەغدا کە هەردووکیان شاندیان لە کۆنگرەکەدا بەشدارە، دەکرێت ئەوە بکەنە دەرفەتێکی گەورە و سوود لە کۆنفرانسێکی وەها گرنگ و جیهانیدا ببینن.
 
هەروەها گوتی: "عێراق یەکێک لەو پێنج وڵاتەیە کە کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا تێیاندا بە زەقی هەستی پێدەکرێت. لێرەدا شاندی هەرێمی کوردستان و عێراقیش دەتوانن سوود لەو دەرفەتانە وەربگرن".
 
سەبارەت بە گرنگی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆپ29 راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی رەوا و دەستووری لە چوارچێوەی عێراق، لە ئاکامی هاوئاهەنگی و هاوکاریی نێوان هەولێر و بەغدا، بەشداریی شاندەکانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی گرنگ بە وڵاتانی جیهان دەنێرێت و پێیاندەڵێت لە عێراق سیستمێکی فیدراڵی هەیە؛ هەرێمی کوردستان دەتوانێت نوێنەرایەتیی خۆی لەو جۆرە کۆڕبەندانە بکات و ئەو بابەتانە بخاتەڕوو کە پەیوەندیدارن پێیەوە".
 
فەلاح مستەفا هەروەها جەختیکردەوە کە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا توانیویەتی پێگەی خۆی مسۆگەر بکات و لە بەرژەوەندیی سەقامگیریی ناوچەکە هەنگاو بنێت.
 
هاوکات، ئیلنوور سوڵتانۆڤ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا (کۆپ 29) دەڵێت، ئامانجیان لەم کۆنفرانسە دۆزینەوەی سەرچاوەیە، بەتایبەتی سەرچاوەی دارایی بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لەوەی ئەو رێچکەیەی بۆ دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا جێبەجێ دەکرێت، راست بکرێتەوە. 
 
سوڵتانۆڤ گوتی: ''گەورەترین شت قەیرانی کەشوهەوایە کە رووبەڕووی دەبینەوە. کۆپ 28 دەریخست ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بڕوات، بە 1.5 پلەی سیلیزی ناگەین (کە دانراوە).''
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێش بەڕێکەوتنی بۆ باکوو لەبارەی کۆنفرانسەکەوە رایگەیاند: "پابەندیی خۆمان بۆ کوردستانێکی سەوزتر و پاکتر دووپات دەکەینەوە".
 
هاوکات، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لە روانگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە ژینگە و ئاو و هەوا یەکێکە لە پرسە سەرەکییەکانی سیاسەتی هەرێمی کوردستان".
 
 
 
 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە