ئەگەر هەیە بەریتانیا کۆچبەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دیپۆرت بکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا بەنیازە ژمارەی "وڵاتە سەلامەتەکان" زیاتر بکات و ناوی هەرێمی کوردستان، تورکیا و میسریش زیاد بکات. ئەو کاتە حکومەتی ئەو وڵاتە دەتوانێت راستەوخۆ کۆچبەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دیپۆرت بکاتەوە.
رۆژی 12ـی تشرینی دووەمی 2023، میدیای بەریتانیا بڵاویکردەوە، حکومەت بەنیازی ئامادەکردنی پلانێکە کە دەکرێت جێبەجێکردنەکەی ببێتە هۆی ئەوەی کۆچبەرانی نایاسایی خەڵکی هەرێمی کوردستان، تورکیا و میسر راستەوخۆ دیپۆرتی وڵات و هەرێمی خۆیان بکرێنەوە.
بەگوێرەی ئەو پلانەی حکومەتی بەریتانیا، ژمارەی لیستی "وڵاتانی سەلامەت" زیاتر دەکرێت.
بەریتانیا لیستی وڵاتانی سەلامەتی هەیە و ئەگەر ناوی وڵات و هەرێمێک لەنێو ئەو لیستەدا بێت، ئەو کاتە حکومەت راستەوخۆ کۆچبەرانی ئەو وڵات و هەرێمانەی ناویان لەنێو لیستەکەدا هەیە، دیپۆرتی شوێنی خۆیان دەکاتەوە.
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان، تورکیا و میسر لە زۆرترین ئەو کۆچبەرانەن ئەمساڵ لە رێگەی دەریاوە و بەشێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ئەو وڵاتە، بە جۆرێک لەسەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم 4 هەزار کۆچبەری خەڵکی هەرێمی کوردستان، تورکیا و میسر چوونەتە بەریتانیا.
هەر بەپێی ئەو پلانە، رەتکردنەوەی داواکاریی مافی پەنابەریێتی و دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی ئەو سێ وڵات و هەرێمە ئاسانتر دەبێت.
ئەم پلانەی حکومەتی بەریتانیا لەکاتێکدایە، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا دادگەی باڵای بەریتانیا دوا بڕیار لەسەر بەرنامەی حکومەت بۆ ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ رواندا بدات، کە لە ئابی ساڵی رابردووەوە راگیراوە.
ئەگەر ئەو بەرنامەیە لەلایەن دادگەکەوە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکرێت، چاوەڕێ دەکرێت یەکەم فڕۆکەی ناردنی کۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ رواندا لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا بێت.
فراوانکردنی ژمارە لیستی وڵاتانی سەلامەت لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە بە پلانی دووەمی دادەنرێت بۆ کەمکردنەوەی پەناخوازانی نێو بەریتانیا و گوشاریش بۆ سەر رواندا کەمتر دەکاتەوە، چونکە بەگوێرەی ئەو پلانە، ئیدی ژمارەیەکی کەمتر لە کۆچبەرانی نایاسایی رەوانەی رواندا دەکرێن.
هەفتەی رابردوو سوێلا برەیڤەرمان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، هیندستان و جۆرجیایان بۆ لیستی وڵاتانی سەلامەت زیادکردووە و لەمەودوا هەر کۆچبەرێک لەو دوو وڵاتەوە بەنایاسایی بچێتە بەریتانیا، راستەوخۆ دیپۆرتی وڵاتەکەیان دەکرێنەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی بەریتانیا، لە هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا هەزار و 774 کۆچبەری نایاسایی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە و بە بەلەم چوونەتە بەریتانیا.
بۆ بەریتانیا کارێکی قورس دەبێت عێراق بخاتە نێو لیستی وڵاتانی سەلامەتەوە بەهۆی ئەوەی هێشتا دۆخی ئاسایشی ئەو وڵاتە لە هەندێک شوێنی بە سەقامگیر نابینرێت، بەڵام بەگوێرەی میدیای بەریتانیا، داوا لە بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا کراوە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان بکەن، لەبەرئەوەی 80٪ـی ئەو کۆچبەرە عێراقیانەی لە بەریتانیا مافی پەنابەریێتیان رەتکراوەتەوە، کوردن.
میدیای بەریتانیا دەڵێت، هەفتەی رابردوو، رۆبەرت جێنریک، وەزیری کاروباری کۆچبەرانی بەریتانیا، ئەو پرسەی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێکردووە.