لە نەمسا خواست بۆ فێربوونی زمانی کوردی زۆر بووە

12-11-2022
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
پۆلێکی فێربوونی زمانی کوردی لە نەمسا
پۆلێکی فێربوونی زمانی کوردی لە نەمسا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە نەمسا فێربوونی زمانی کوردی داخوازیی زۆری لەسەرە. ئەو نەمساییانەی دەیانەوێ سەردانی کوردستان بکەن، هەوڵدەدەن پێشتر لە ڤیەننا کەمێک زمانی کوردی فێر ببن، پاشان گەشت بکەن.
 
وەکو لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، فێرخوازەکان سەرقاڵی خوێندی رێزمانی کورمانجین کاری بوون و هەبوون، یاسەمین و بنێدیت فێرخواز هاووڵاتی نەمسایین و ساڵێکە زمانی کوردی دەخوێنن، هەردووکیان شەیدای زمان، کولتوور و خەڵکی کوردستانن. 
 
یاسەمین راندالە، تەمەنی 67 ساڵە و لە ڤیەننا دەروونناسە و بڕیاریداوە خۆی فێری زمانی کوردی بکات، چونکە یاسەمین ماوەی چەند ساڵێکە لە رۆژئاوای کوردستان پڕۆژەی مرۆیی بەڕێوەدەبات لەوێ بە کولتووری کورد ئاشنابووە، بۆ تێگەشتنی زیاتر لە کورد بەڵێن دەدات بەتەواوی خۆی فێری زمانی کوردی بکات. 
 
یاسەمین راندالە، فێرخوازی زمانی کوردی دەڵێت، "خەڵک لە رۆژئاوای کوردستان بە ئینگلیزی قسە ناکەن، بۆیە من دەمەوێت خۆم فێری زمانی کوردی بکەم لەوان تێبگەم، من ناوە ناوە دەچم بۆ باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لەوێ پڕۆژەی مرۆیی دەکەم".
 
بێنێدیکت مێتسمیس تەمەنی 37 ساڵە و بەشی ئەنترۆپۆلۆژیای کۆمەڵایەتی خوێندووە و هاوڕێی کوردی زۆرە، دەیەوێت زمانی کوردی فێربێت و لە داهاتوودا لە رۆژئاوا کاربکات. 
 
بنێدیکت مێتسمیس، فێرخوازی زمانی کوردییە و دەڵێت، "کولتوور و زمانی کوردی زۆر خۆشە، سەرنجم رادەکێشێت، من زۆر سەرسامم بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و زمانی عەرەبیم خوێندووە لە زانکۆ، بۆیە ویستم زمانێکی نوێ فێربم من دەمەوێت سەردانی رۆژئاوا بکەم و دەمەوێت بەشداری لە پڕۆژەی مرۆیی بکەم، ئەمە پلانی داهاتوومە بزانین چۆن دەبێت".
 
حوسێن حەسەن، مامۆستایەکی گەنجە نزیکەی 3 ساڵە مامۆستای زمانی کوردییە و حەوت ساڵیشە لە نەمسا دەژی، ئێستا خوێندکاری ماستەرە لە بەشی زانستی سیاسی لە زانکۆی ڤیەننا. هەفتەی دوو جار بە ئۆنلاین و سێشەممانیش لە پۆلەکان وانەی کوردی بە چەند فێرخوازێک دەڵێتەوە. 
 
بیرۆکەی فێرکردنی زمانی کوردی لەو پەیمانگەیە بۆ چوار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئەوکات تەنیا 22 فێرخوازی نەمساییان هەبوو، لەو کاتەوە ساڵ بە ساڵ ژمارەی فێرخوازان زیاد دەبێت زۆربەی فێرخوازانیش تاوەکو ئێستا نەمسایی و ئەڵمانین، ئەم پەیمانگەیە لە ماوەی سێ ساڵی کارکردنیدا نزیکەی 300 ئەڵمانی و نەمساییان فێری زمانی کوردی کردووە کە بەشێکیان وەک حەز و خولیا بەشدارییان کردووە و بەشێکێشیان بەهۆی نزیکیان یان پەیوەندی خێزانی هاوڕێتیان لەگەڵ کوردانی ئەم وڵاتە خۆیان فێردەکەن.
 
لاریسا، ئەلێکس و ماريا لە خۆشەویستی بۆ هاورێکانیان خۆیان فێری زمانی کوردی دەکەن، سۆرگوڵیش خۆی کوردی دەزانێت، بەڵام دەیەوێت بە نووسین و خوێندەوە کوردییەکەی باشتربکات.
 
کاتێک فێرخوازان ئاستەکانی یەکەم، دووەم و سێیەمی زمان تەواو دەکەن بڕوانامەی باوەڕپێکراوی زمانی کوردی وەردەگرن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شارۆچکەی سانتا کلۆس.

ئەم ساڵ لە شارۆچکەکەی سانتا کلۆس بەفر نەباریوە

شارۆچکەی رۆڤانیمی لە هەرێمی لاپلاند لە باکووری فینلاند ئەو شارۆچکەیە بە ماڵی سانتا کلۆس ناسراوە و بەردەوام ناوچەیەکە بەهۆی بەفرەوە سپیپۆشە.