گۆڕانی کەشوهەوا مەترسیی لەسەر ئاسایشی خۆراکی جیهان دروستکردووە


رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەک جووتیار لە هندۆراسی ئەمریکای نێوەڕاست بەنێو کێڵگە وێرانبووەکانیان دەگەڕێن کە بەهۆی زریانەوە لەنێوچوون. میگێل لەکۆی حەوت هێکتار زەویی کشتوکاڵی، تەنیا دوو گەنمەشامیی بۆ ماوەتەوە. بژێویی 10 خێزان لەسەر ئەو کێڵگەیە بوو؛ بەگوتەی خۆیان، 16 هەزار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە. 
 
میگێل مەیا، جووتیارێکە و دەڵێت، "زریانی جوولیا هات و ئاستی ئاوی دەریا بەرزبووەوە. ئێمە لەسەر کەرتی کشتوکاڵ دەژین. هەموو بەرووبوومەکەمان لەدەستدا." 
 
گواتیمالا کە دراوسێی هندۆراسە. وەزارەتی کشتوکاڵی وڵاتەکە دەڵێت، 60 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی لەنێوچوون. کۆش، جووتیارە و باس لەوە دەکات، "زۆر ترساوین، چونکە هیچ شوێنێکمان نییە بۆی بڕۆین. هیچ زەویمان نەماوە. پارەی کڕینی زەویی بەپیتیشمان نییە". 
 
زریانی جوولیا پێش مانگێک وڵاتانی ئەمریکای نێوەڕاستی گرتەوە و لانیکەم 54 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا. هاوکات، نزیکەی یەک ملیۆن کەس بەهۆی زریانەکەوە زیانیان بەرکەوتووە. 
 
کارەساتە سرووشتییەکان و گۆڕانی کەشوهەوا پەیوەندییەکی راستەوخۆیان لەگەڵ دەردانی گازە گەرمکەرەکان هەیە. 
 
ئەمە هەمان ئەو بابەتەیە کە سەرکردەی 140 وڵاتی جیهانی لە 27ـەمین لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان لە میسر کۆکردووەتەوە. وڵاتە پیشەسازییە گەورەکانیش پشکی شێریان لە دەردانی گازە گەرمکەرەکان بەرکەوتووە. 
 
حکومەتی ئەمریکا بەڵێنیداوە تاوەکو ساڵی 2030، دەردانی گازە گەرمکەرەوەکان بەراورد بە ساڵی 2005، بە رێژەی لە 52٪ کەم بکاتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش 375 ملیار دۆلاری تەرخانکردووە. 
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "وەزارەتی وزەمان مەزەندە دەکات یاسا نوێیەکەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان لە ئەمریکا بە قەبارەی یەک ملیار تۆن لە 2030 کەمبکاتەوە، لە هەمانکاتدا دەبێتە هۆی گەشەی ئابووریی بە بەکارهێنانی وزەی پاک."
 
بەپێی نەخشەیەک کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەدوای قۆناخی شۆڕشی پیشەسازییەوە پێشاندەدات، بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو کاتەوە پلەی گەرمیی گۆی زەوی 1.04 پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان مەبەستیەتی لە رێگەی پابەندکردنی وڵاتان بە کەمتر دەردانی گازە گەرمکەرەکان، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەخوار 1.5 پلەی سیلیزییدا بهێڵێتەوە. 
 
گۆڕانی کەشوهەوا فاکتەرێکی سەرەکیی ئاوارەبوون و برسێتییە. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانە 21.5 ملیۆن کەس بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە ئاوارە و کۆچبەر دەبن. 
 
بانکی جیهانی لە راپۆرتێکی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا هۆشداریدەدات ئەگەر کارێک نەکرێت، لە 10 ساڵی داهاتوودا 132 ملیۆن کەس بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە پێ دەخەنە ژێر هێڵی هەژارییەوە.