بایدن بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا گەیشتە کەمبۆدیا
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە مەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی کۆمەڵەی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، گەیشتە شاری پنۆم پێنی پایتەختی کەمبۆدیا.
دوای رۆیشتن بۆ میسر و بەشداریکردن لە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا، کەمبۆدیا دووەم وێستگەی گەشتێکی نێودەوڵەتیی سەرۆکی ئەمریکایە؛ بڕیارە دواتریش بایدن سەردانی ئەندەنووسیا بکات بۆ ئەوەی بەشداری لە لووتکەی کۆمەڵەی 20 وڵاتە پیشەسازییەکەدا بکات.
بڕیارە لە پەراوێزی لووتکەی G20ـدا، بایدن یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی وەکو سەرۆک لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین ئەنجامبدات و چاوەڕوان دەکرێت داوای لێبکات گوشار بخاتە سەر کۆریای باکوور تاوەکو تاقیکردنەوەی مووشەکییەکانی بووەستێنێت کە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس لە نێو هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ئاسیا.
کۆبوونەوەی نێوان سەرکردەی دوو وڵاتە زلهێزەکە دوای تاقیکردنەوەی ژمارەیەکی پێوانەیی مووشەک لە لایەن کۆریای باکوورەوە دێت.
جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، لە دوورگەی بالیی ئەندەنووسیا، رۆژی دووشەممە بایدن بە شی جین پینگ دەڵێت، بەرژوەندیی چین لەوەدایە "رۆڵێکی بونیادنەر لە سنوردارکردنی خراپترین چالاکییەکانی کۆریای باکووردا بگێڕێت."
جەیک سوڵیڤان گوتی، بایدن هەروەها بە سەرۆکی چین دەڵێت، ئەگەر تاقیکردنەوەی مووشەک و چالاکییە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور "بەم رێگەیەدا بڕۆن، بە سادەیی بە واتەی بەهێزکردنی زیاتری ئامادەیی سەربازی و ئەمنیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دێت."
سولیڤان گوتیشی، بایدن هیچ فەرمانێک بەسەر سەرۆکی چیندا ناکات، بەڵکو تەنیا "روانگەکانی خۆی" بە سەرۆکەکەی دەڵێت و پێی رادەگەیێنێت کە "کۆریای باکوور نەک تەنیا هەڕەشەیە بۆ ئەمریکا، کۆریای باشوور و ژاپۆن، بەڵکو بۆ ئاشتی و ئاساییشی تەواوی ناوچەکە هەڕەشەیە."
بایدن و شی، سەرۆکی گەورەترین دوو وڵاتی ئابووریی جیهان، لە وەتەی دەستبەکاربوونی بایدنەوە چەندین جار بە تەلەفۆن و پەیوەندیی ڤیدیۆیی قسەیان کردووە، بەڵام پەتای کۆرۆنا و بڕیاری شی جین پینگ لە ئەنجامی ئەوە بۆ خۆبەردوورگرتن لە سەردانی دەرەوە، وایکردووە کە نەتوانن رووبەڕووکۆببنەوە.