تایلاند؛ پزیشکان نرخی نەشتەرگەریی لووت کەمدەکەنەوە و خەڵک بە لێشاو روویان لێدەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئۆفەرێکی تایبەتدا بەبۆنەی رۆژی سینگڵ، بەشێک لە پزیشکانی وڵاتی تایلاند نرخی هەر نەشتەرگەرییەکی لووتیان لە 1000 دۆلارەوە بۆ 230 دۆلار کەمکردەوە، خەڵکێکی زۆریش لە بانگکۆک ئەو ئۆفەرەیان بە دەرفەت زانی و ئەوەی لە لووتی خۆی رازی نەبوو نەشتەرگەریی کرد.
 
رۆژی سینگڵ بە 11ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک دیاریکراوە، بازرگانان ئەو رۆژە بە دەرفەت دەزانن بازاڕیان ببوژێننەوە و خەڵکیش سوود لەوە دەبینن کە بەرهەمەکان بە نرخێکی گونجاوتر بەدەستبێنن.
 
ڤایۆ کلینیک یەکێکە لەو سەنتەرە پزیشکییانەی بانگکۆک، ئەو دەرفەتەی قۆستەوە بۆئەوەی نەشتەرگەریی جوانکاریی لووت و پشتەچاو ئەنجامبدان، چونکە رۆژ دوای رۆژ خەڵکێکی زیاتر لە ئاسیا هەوڵدەدەن رووخساری رۆژئاوایی وەرگرن.
 
سۆمپراسۆنگ ئایمسانتیا، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند "کە بینیم داشکاندن کراوە، بڕیارمدا بەبێ دواکەوتن نەشتەرگەری ئەنجامبدەم".
 
تایلاند وڵاتێکی ئاسیاییە، بە وڵاتی گەشتیاری پزیشکی ناسراوە، لە ئاسیا تاوەکو ئوسترالیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش سەردانکەر بۆ خۆی رادەکێشێت، بەڵام لەوەتەی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە، کەرتی تەندروستیی تایبەت کارەکانی بە قەبارەی 600 ملیۆن دۆلار کەمیکردووە.
 
هەر لە رۆژی سینگڵدا، کۆمپانیای عەلی بابا رایگەیاند، بە بەهای 56 ملیار دۆلار شتومەکی لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەشێوەی ئۆنلاین فرۆشتووە؛ ئەوەش ریکۆردێکی دیکەی کۆمپانیاکەیە لە ماوەی یەک رۆژدا.
 
پێشووتر بەرزترین ئاستی فرۆشی عەلی بابا لە رۆژێکدا 38 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بووە، کە ساڵی 2019 تۆمارکرابوو.