رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی پۆڵاند رایدەگەیێنێت، پلانیان بۆ گۆڕینی سیاسەتی کۆچبەریی وڵاتەکەیان داناوە و راگرتنی پێدانی مافی پەنابەرییش بە کۆچبەرە نایاساییەکان بۆ ماوەیەکی کاتی، بەشێکە لە پلانەکە.
رۆژی شەممە، 12 تشرینی یەکەمی 2024، دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵاند رایگەیاند، "بە دەنگێکی بەرز و شانازییەوە دەیڵێم، کە سیاسەتی کۆچبەریی ئێمە خۆی لە راگرتنی کاتی پێدانی مافی پەنابەریی بەو کەسانەی دێنە نێو سنوورەکەمانەوە، دەبینێتەوە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "دەبێت 100٪ کۆنترۆڵی هاتن و چوونی سەر سنووری پۆڵاند بکرێت."
دۆناڵد توسک گوتیشی، کۆچی نایاسایی بۆ نێو پۆڵاند بۆ کەمترین ئاست کەمدەکەنەوە.
سەرۆکوەزیرانی پۆڵاند رایگەیاند، تاوەکو ئێستا تەنیا پلانە و رۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەی حکومەتەکەی پلانەکە پێشکێش دەکرێت. دواتر داوا لە یەکێتیی ئەورووپاش دەکات دان بە بڕیارەکەیاندا بنێت.
لە ساڵی 2021ـەوە ژمارەی کۆچبەرە نایاساییەکان بۆ نێو پۆڵاند بەتایبەتی لە سنووری بێلاڕووسەوە زیادیان کردووە.
لە ساڵی 2021 تاوەکو 2024 پۆڵاند رێگری لە 100 هەزار کۆچبەری نایاسایی کردووە بچنە نێو وڵاتەکەی.
پۆڵاند هەردوو وڵاتی بیلارووس و رووسیا بە هێنانی کۆچبەران لە ئاسیا و ئەفریقا بۆ وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، دوو وڵاتەکە دەیانەوێت سەقامگیریی پۆڵاند تێکبدەن.
پۆڵاند و بێلاڕووس، 400 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە. لە ئایاری 2024، پۆڵاند رایگەیاند، 2.3 ملیۆن یۆرۆی بۆ پەرژینکردنی سەر سنووری بێلاڕووس تەرخانکردووە.
بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی پۆڵاند لەکاتێکدایە، رۆژی 1 تشرینی یەکەمی 2024، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە مەرجەکانی پێدانی ڤیزای بە دانیشتووانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا تووندتر کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ